كەركووك.. بەهۆی ریفراندۆمەوە ژمارەیەك ئەفسەری كورد دادگایی دەكرێن

هەڵسوكەوتی شۆڤینییانەی ئیدارەی پارێزگای كەركووك لە بەرانبەر بە كورد بەردەوامە، بەتایبەتی لەوانەی ناویان بە دڵسۆزی بۆ دۆزی كورد لەو پارێزگایە دەركردووە، ئەوەیش لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی دژ بە كورد و مافە رەواكانی، كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پێڕەو دەكرێت، بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە پۆلێك ئەفسەری كوردی پۆلیسی كەركووك بێ ئامادەبوون دادگایی بكرێن.

ئەو ئەفسەرە كوردانە بریتین لە عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركووك و عەقید كامەران عەلی حەمەرەشید، لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركووك، پشتیوان غێدان، كارمەندی پۆلیسی پارێزگای كەركووك، هەرسێكیان بە تۆمەتی بەشداریكردن لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و بەپێی یاسای سزاكانی عێراقی ساڵی 1969 فەرمانی گرتنیان بۆ دەركراوە.

لە 25/9/2017، ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەچوو، تێیدا 4 ملیۆن و 561 هەزار و 255 کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان لە ریفراندۆم هەبوو، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشداریان لەو راپرسیەدا کرد کە دەکاتە زیاتر لە 72٪، لە ریفراندۆم 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە 92%.

 

Back to top button