قایمقامی مەخموور: په‌كه‌كه كه‌مپی مه‌خموری كردوه به‌سه‌ربازگه و خه‌ڵكی كه‌مپه‌كه چه‌كدار ده‌كات.
خواكوڕك
قایمقامی قەزای مەخموور ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، په‌كه‌كه دەستی بەسەر کەمپی مەخمووردا گرتووە و ڕێ نادات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکاریی بگەیەننە کەمپه‌كه و دەڵێت” چەندین جارە داوای ڕادەستکردنی کەمپی مەخموور دەکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن حکوومەتی ھەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئیدارەی بکرێت، کەچی پەکەکە ڕازی نییە.
(ڕزگار محەممەد) قایمقامی قەزای مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوه: “کەمپی ئاوارەکانی باکووری کوردستان لە مەخموور پێش ھێرشی داعش بۆسەر شارۆچکەكه، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ھێزەکانی پۆلیس ئیدارە ده‌درا، بەڵام دوای ئەوەی شەڕ گەیشتە ناوچەکە، مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە ھاتنە نێو کەمپی مەخموور و ئەنجوومەنێکیان بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە پێک ھێنا و، ھێدی ھێدی کەمپی مەخمووریان لە کەمپێکی سڤیلەوە کرد بە کەمپێکی سەربازی، دوای ئەوەی شەڕ لە ناوچەکە دوور کەوتەوە، ماوەی ساڵ و نیوێک دەبێت، ئێمە وەکو حکوومەت دانوستان لەگەڵ ئەنجوومەنی کەمپی مەخموور دەکەین، بۆ ئەوەی ئیدارەدانی کەمپەکە بکەوێتە دەست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه، بەڵام پەکەکە بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نییە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە، چونکە کەمپەکە بۆ خەڵکی سڤیل دامەزراوە و پێویستە حکوومەت سەرپەرشتیی بکات، بەداخەوە، دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەنجوومەنی کەمپی مەخموور ئەنجامی نەبووە.”
قایمقامی مەخموور زیاتر گوتی: خه‌ڵكی مه‌خمور بێزارن له په‌كه‌كه، چونكه ئه‌وان خه‌ڵكیان له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كه هێناوه و كه‌مپه‌كه‌یان كردوه به سه‌ربازگه، له سه‌ر چیایی قه‌ره‌چوخیش بنكه و خاڵی سه‌ربازیان هه‌یه.
(رزگار محەممەد) ئاشكرایشی كرد”پەکەکە نه‌ك ڕێ بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نادات، به‌ڵكو ڕێ به نەتەوە یەکگرتووەکان نادات بچنە نێو کەمپەکەوه به هۆی ده‌ست به‌سه‌ردراگرتنی له لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، ئه‌وان بوونەتە ھۆی ڕێگری‌کردن لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی کەمپەکە و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە بیانییەکانیش بەھۆی ھەبوونی چەکداری پەکەکەوە ئامادە نین، وەک پێشتر ھاوکاری بگەیەننە کەمپی مەخموور، واتە ئەوەی پەکەکە لە کەمپی مەخموور دەیکات، دژی خەڵکی نێو کەمپەکە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە حکوومەت لە مەخموور ھەموو کارێک دەکات و ئامادەیە بە شێوەیەکی زۆرباش ھاوکاری بگەیەنێتە کەمپەکە، بەڵام پەکەکە ڕێ لەو ھاوکارییانە دەگرێت.”