عەلی قەرەداغی لە بارەی گۆڕینی رەگەز فەتوای دا

ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان رایدەگەیەنێت: گۆڕینی رەگەز تەنها بۆ ئەو کەسانە رێگە پێدراوە کە (نێرەموک)ن، “ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە”.

پ. د. عەلی محییەدین قەرەداغی، ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى موسوڵمان لەبارەی گۆڕینی رەگەز نووسیویەتی: “ئەگەر مرۆڤەكە سرووشتی بوو، هەموو هۆرمۆنەكان یان نیشانەكان تێیدا نێر یان ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە، بەڵام ئەگەر مرۆڤەكە سرووشتی بوو، هەموو هۆرمۆنەكان یان نیشانەكان تێیدا نێر یان مێ بێت، ئەوا بەهیچ جۆرێک دروست نییە ئەو مرۆڤە بگۆڕدرێت بۆ رەگەزێكی دیکە، گۆڕینی رەگەز بە ئەنقەست و بە گوێرەی حەز حەرامە”.

عەلی قەرەداخی، ئەو گوتانەی لە وەڵامی پرسیاری یەكێك لە پسپۆڕانی نەشتەرگەری جوانكاری و چاككردن و سووتان لە وڵاتی میسرەوە بووە و ئاماژەی بەوە کردووە: هەر مرۆڤێك بەڵكو هەر شتێكی دیکەش تەنها لەسەر ژیانی جووت بەرپا دەبێت، ئەویش نێر و مێیە، یان سارد (سالب) و گەرم (موجب) دامەزراوە، خوای گەورە دەفەرمووێت: (سُبْحَانَ الَّذِي خَلَقَ الْأَزْوَاجَ كُلَّهَا مِمَّا تُنْبِتُ الْأَرْضُ وَمِنْ أَنْفُسِهِمْ وَمِمَّا لَا يَعْلَمُونَ) يس36 واتە: (پاكی و بێگەردی و ستایش بۆ ئەو زاتەی كە هەموو دروستكراوانی بە جووت بەدیهێناوە، لەوانەی كە زەوی بەرهەمیان دەهێنێت، لە خۆیشتان و لەو شتانەش كە نایزانن).

باسی لەوەشکردووە: “لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی سنورداركردنی رەگەزی مرۆییەوە لە نێرینە و مێینەدا هاتووە، هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَأَنَّهُ خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالأُنْثَى ، مِنْ نُطْفَةٍ إِذَا تُمْنَى) النجم 45-46واتە: (هەر ئەویش دوو جۆر رەگەزی نێر و مێی لە هەموو گیانداراندا بەڵكو لە بێگیانەكانیشدا بەدیهێناوە، لە هەموو شت جووت و دوو شێوازی جیاوازی تەواوكاری یەكتری بەدیهێناوە، بە تایبەت ئادەمیزادی بەدیهێناوە لە نوتفەیەك، دڵۆپێكی زۆر زۆر بچووك ئەویش ئەو كاتەی كە بواری پیتاندنی بۆ بڕەخسێت و لە منداڵداندا خۆی هەڵبواسێت).

عەلی قەرداغی باسی لەوەکردووە: “مرۆڤ سنووردار كراوە لەم دوو رەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، هیچ شتێک نییە بەناوی پێکهاتەی نێرەمووک كە وەك رەگەزێكی سەربەخۆ بوونی هەبێت، بەڵكو شتی لەوجۆرە لەبەر ئەنجامی كەموكووڕی و نەخۆشییەوە سەرهەڵدەدات”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو: كێشەكە لە ئەمڕۆدا كێشەی پێكهاتەی نێرەموكی نییە، وەك ئەوەی لای فیقهناسە پێشینەكانمان هاتووە، بەڵكو كەسەكە دەیەوێت خۆی بگۆڕێت بۆ رەگەزێكی دیکە ئەوەش وەك حەزێك و هاوشێوەكانی، ئەوا لەم حاڵەتەدا گومانی تێدا نییە ئەو كارە دەچێتە ناو پرۆسەی گۆڕینی دروستكراوی خواوە، دژە لەگەڵ سرووشتی ساغ و سەلیمدا، لەگەڵ بنەما گشتییەكان و مەبەستە هەمووەكییەكانی شەریعەتدا ناگونجێت، خوای گەورە دەفەرمووێت: ((َلَأُضِلَّنَّهُمْ وَلَأُمَنِّيَنَّهُمْ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُبَتِّكُنَّ آذانَ الْأَنْعامِ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُغَيِّرُنَّ خَلْقَ اللَّهِ وَمَنْ يَتَّخِذِ الشَّيْطانَ وَلِيًّا مِنْ دُونِ اللَّهِ فَقَدْ خَسِرَ خُسْرانًا مُبِينًا ، يَعِدُهُمْ وَيُمَنِّيهِمْ وَما يَعِدُهُمُ الشَّيْطانُ إِلاَّ غُرُورًا) النساء 119-120.. واتە: (-شەیتان- هەروەها سوێندی خواردووە كە ئەو خەڵكە، گومڕاو سەرلێشێواو بكات، بە ئاوات و خەیاڵاتی پووچەوە سەرگەرمیان بكات. فەرمانیان پێبدات كە گوێی ئاژەڵەكانیان ببڕن، هەروەها فەرمانیداوە و بەچاوی خۆیشمان دەبینین كە شوێنكەوتووانی دەستكاری دروستكراوانی خوا دەكەن بە شێوەیەك كە دەیشێوێنن، جا ئەوەی شەیتان بكاتە یارو یاوەر و مامۆستای خۆی ئەوە بێگومان زەرەرو زیانێكی ئاشكرای لەخۆی داوە، شەیتان بەردەوام بە وەسوەسە و خەتەرە و خەیاڵ بەڵێن بە شوێنكەوتووانی دەدات و بە ئاواتی پڕوپووچ و بێنرخ سەرگەرمیان دەكات، هەموویشی فریودان و خەڵەتاندن و لادانە لە رێگە و رێبازی راست و دروست)، بەم پێیەش ئەوا ئەو گۆڕانە حەرامە، ئەنجامدانیشی لەلایەن پزیشكەوە ئەویش هەر حەرامە، نابێت كاری وای لا پەسەندبێت و بیكات.

Back to top button