سکرتێری گشتیی ناتۆ: ئەگەر رووسیا ئەم جەنگە بباتەوە دواتر هێرش دەکاتە سەر دراوسێکانی دیکەی

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵو، یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ هۆشداریی لەوە دا کە ئەگەر رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا سەرکەوتوو بێت، دوای ئۆکراینا هێرش دەکاتە سەر دراوسێکانی دیکەی.

یەنس ستۆڵتنبێرگ لە میانی بەشداریکردنی لە خێوەتگه‌ی هاوینەی پارتی کرێکارانی نەرویج، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کرد و جەختی لەوە کردەوە، پشتیوانیکردنی ناتۆ لە ئۆکراینا، بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقییە و رایگەیاند: “لە بەرژەوەندیی ئێمەیە کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پووتین ئامانجەکانی لە ئۆکراینا بەدەست نەهێنێت. جیهانێک کە تیایدا پووتین بە زەبری هێزی سەربازی ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت، بۆ ئێمە جیهانێکی ترسناکتر دەبێت. ئەگەر رووسیا ئەم جەنگە بباتەوە، پووتین ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە توندوتیژی کاری خۆی دەکات و دواتر رووسیا هێرش دەکاتە سەر دراوسێکانی دیکەی”.

سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەش دا کە پێشڕەوییەکانی رووسیا، وەستاون و ئۆکراینا هەندێک ناوچەی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ناتۆ بۆ پاراستنی ئاشتی، لە بەری رۆژهەڵاتەوە هەژموونی خۆی زیاتر کردووە.

Back to top button