نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا كۆ بووەوە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی كۆتاهاتنی كارەكانیەوە، پێشوازی لە كلێمنس زێمتنەر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئاب، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی كۆتاهاتنی كارەكانیەوە، پێشوازی لە كلێمنس زێمتنەر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ كار و هەوڵەكانی كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، بۆ برەودانی پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی تازەیدا بۆ خواست.
كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ كاركردنی لە هەرێمی كوردستان پێشان دا، سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە كار و چالاكییەكانی لە ماوەی كاركردنیدا دووپات كردەوە، هەروەها ڕۆڵ و هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی لەپێناو كۆكردنەوەی لایەنەكان و یەكخستنیاندا بەرز نرخاند.
پێوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا، پرۆسەی سیاسیی عێراق، دۆخی شنگال و چەند بابەتێكی تر، لایەنێكی تری دیدارەكە بوو.