مەرجی نوێ بۆ درێژکردنەوەی موڵەتی ” بێ مووچەیی ” مامۆستایان دیاریکرا

 

لە ڕێگەی نووسراوێکەوە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی درێژکردنەوەی  پێدانی مۆڵەت بە مامۆستایان له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندن لە باخچەی ساوایان و بنەڕەتی و ئامادەیی و پەیمانگاکان دەردەکات.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە دا هاتووە ، مامۆستایان تاوەکوو 15ی 9ی 2022 مافی پێشکەشکردنی داواکاریی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە.

هاوکات ئاماژە بەوە کراوە ،  درێژکردنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە تەنیا بۆ ئەو مامۆستایانە دەبێ، کە لەدەرەوەی وڵاتن و لە کاتی مۆڵەتی بێ مووچەدا سەفەریان کردووە. ئەویش دوای چەند ڕێکارێک و بۆ یەک ساڵ و بە دەسەڵاتی وەزیر دەبێ.

لە بەشیکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە ، مۆڵەت نابێ کاریگەریی لەسەر کەمیی میلاک بکات و پێویستە هۆکاری داواکردنی مۆڵەتەکەش ڕوون بکرێتەوە.

 

سەبارەت بە مامۆستایانی ژن و ئافرەت دوای دەستبەکاربوونەوەیان لە مۆڵەتی دایکایەتیدا هاتووە ، دەتوانن لە ماوەی 10ڕۆژدا، داواکاریی بۆ مۆڵەتی بێ مووچە پێشکەش بکەن.

 

لە کۆتاییشدا هاتووە ئەگەر یەکێک بیەوێ مۆڵەتی بێ مووچە بپچڕێنێ و هەڵیوەشێنێتەوە، دوای چەند ڕێکارێک دەتوانێت کارەکە بکات و فۆڕمی تایبەت پڕ بکاتەوە.

جێگەی ئاماژەیە د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە بۆ ڕاگەیاندنەکانی ئاشکرا کردووە ، “ئەو نووسراوە لەلایەن وەزارەتەوه لەبارەی مۆڵەتی بێ مووچە دەرچووە و کاری پێ دەکرێت”.

 

 

Back to top button