تایوان: چین مانۆڕەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئامادەکاری بۆ هێرش
وەزیری دەرەوەی تایوان ئەمڕۆسێشەممە ڕایگەیاند، چین مانۆڕی سەربازی لە نزیک دوورگەکە بەکاردەهێنێت بۆ “ئامادەکردن”ی خۆی و هێرشکردنە سەر تایوان و گۆڕینی دۆخی ئێستا لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن.
“جۆزێف وو”سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسیی تایوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تایپەی پایتەختی تایوان وتی: چین مانۆڕی سەربازی و نەخشە ڕێگای خۆی بەکارهێنا بۆ ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر تایوان. “مەبەستی ڕاستەقینەی چین گۆڕینی دۆخی ئێستایە لە گەرووی تایوان و لە سەرتاسەری ناوچەکەدا”.
هەفتەی رابردوو چین گەورەترین مانۆڕی سەربازیی خۆی لە دەوروبەری تایوان دەستیپێکرد وەک وەڵامێک بۆ سەردانەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ ئەو دوورگەیە.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی تایوان هاوکات ئاماژە بەوە دەکات : چین مەشق و هەڵدانی مووشەکی بەرفراوان و هەروەها هێرشی ئەلیکترۆنی و هەڵمەتی زانیاری هەڵە و هەڕەشەی ئابووری بۆ لاوازکردنی ورەی خەڵک لە تایوان ئەنجام دەدات.