وەزارەتی شارەوانی: پاش ئەم بەروارە داواکارییەکانتان بۆ تاپۆکردنی خانووەکانتان وەرناگیرێت
لە ئاگەدارییەکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت:” پاش بەرواری 9 ی 9 ی 2022 داواکارییەکانتان بۆ تاپۆکردنی خانووەکانتان وەرناگیرێت.
لە ئاگادارییەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە:” ئەو خانووانەی بە شێوەی زێدەڕۆ دروست کراون و یاسای زێدەڕۆکار دەیانگرێتەوە، کۆتا وادە بۆ وەرگرتنی داواکارییەکانیان رێکەوتی 9/9/2022ـە و پاش ئەو وادەیە ئیدی لەو مافە یاسایییەیان بێبەش دەبن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە زووترین کات داواكانیان پێشكەش بە لیژنەی تایبەتمەند لە قەزا و ناحییەكان بكەن، بۆ ئەوەی لەو دەرفەتە سوودمەند بن كە تەنیا مانگێكی ماوە.
بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ لە پێش ڕێكەوتی مانگی 31/12/2021 دروست کراون، بەپێی یاسای هەمواركراوی ژمارە 7ی ساڵی 2021 جێگیرکراو تاپۆ دەکرێن، هەر خانوویەکیش لەپێش ئەو رێککەوتووە بەشێوەی زێدەڕۆ دروست کرابن، رێکارەکانی تاپۆکردن دەیانگرێتەوە.
کەسی زێدەڕۆکار داواکارییەک پێشکەشی یەکە ئیدارییەکەی لە قایمقامییەت و ناحییەكان دەکات و یەکەی ئیدارییش لیژنەیەکی تایبەتی پێک هێناوە بۆ راییکردنی کاروبارەکانی ئەو بابەتی تاپۆکردنە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی دۆخی ئابووری و بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە پڕۆژە یاساکەدا نرخی زۆر رەمزی بەپێی یاساكە پێشنیار کردووە .
ڕێنمایی یاسایی:
ماوەی سێ ساڵە یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەویانەی کە زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە سنووری شارەوانییەکان ژمار 3ی ساڵی 2019ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021 دەرچووە و ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری لەلایەن هاووڵاتییان پاڵپشت بە ماددەی 2 لە یاسای سەرەوە، وەک مەرجێک ئاماژە کراوە کە زێدەڕۆکار پێویستە داواکاری پێشکەش بکات. تەنیا پێشکەشکردنی ئەم داواکارییە لە ماوەی دیاریکراودا مافی تەواو بۆ زێدەڕۆکار دەستەبەر دەکات بۆ ئەوەی سوودمەند بێت لە یاساکە. واتە ڕێکارەکانی تری بەناوکردن و ئەو کێشانەی لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان دێتە پێش، نابێتە ڕێگر لە سوودمەندنەبوونی زێدەڕۆکار لە یاساکە. بۆ ئەوەی هاووڵاتی داواکاری لە ماوای یاسایی پێشکەش بکات و ئەو دەرفەتە بەفیڕۆ نەدات کە دوا دەرفەتە بۆ سوودوەرگرتن لەم یاسایە و دووچاری جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 تایبەت بە نەهێشتن و لابردنی زێدەڕۆیی نەبێتەوە، لەسەر لیژنەکانی پێکهاتوو لە پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکانە ئەم داواکارییانە بە شێوەی فەرمی لە هاووڵاتییان وەربگرن وەکوو سەرەتا، پاشان داوای داتا و پێداویستییەکانی بەناوکردن بکرێت.