سلێمانی.. زەوییەكی نایابی پڕۆژەیەكی گشتی کە نرخەکەی ملیۆنێک دۆلارە دەكرێتە كەبابخانە

پەرلەمانتارێک ئاشکرای دەکات: زەوییەكی نایابی شاری سلێمانی كە دەكەوێتە خوار نەخۆشخانەی شار و زیاتر لە هەشت هەزار مەترە، بە شێوەیەكی نایاسایی دراوە بە كەسێك و نرخی زەوییەكە سەرو ملیۆنێك دۆلار خەمڵێندراوە، هەرچەندە زەوییەكە بۆ خەزانێكی ئاو دانرابوو، بەڵام دراوە بە كەسێك بۆ ئەوەی بیكاتە كەبابخانە

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:” زەوییەكی نایابی شاری سلێمانی كە دەكەوێتە خوار نەخۆشخانەی شار لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود، شەست مەتری، ئەو زەوییە رووبەرەكەی هەشت هەزار مەتر دەبێت، پێشتر ئەو زەوییە بۆ خەزانی ئاو دانرابوو، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەی كەمئاوی چەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی پێ بكەن، بەڵام لە دەرەوەی یاسا ئەو زەوییە بە كەسێك دراوە بۆ ئەوەی بیكاتە كەبابخانە.

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی نرخی زەوییەکەش گوتی:” نرخی ئەو زەوییە ملیۆنێك دۆلار خەمڵێندراوە، كارەكە شارەوانی سلێمانی كردوویەتی لە رێگەی وەبەرهێنانەوە، بەدواداچوون كراوە و كارەكە نایاساییە، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكە لە خەزانەوە دەكرێتە كەبابخانە و چێشتخانە،”

 

دەشلێت:” لە ماوەی داهاتوودا چەندان گەڕەكی سلێمانی رووبەڕووی كەمی ئاو دەبنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد،” رێكار بۆ ئەو پڕۆژەیە ناكرێت، چونكە مۆڵەت بە كەبابخانە و چیشتخانە نادرێت، ئەگەر بەو جۆرە بێت هەموو لەفەخانەیەكیش دەتوانێ زەوی وەربگرێت، بەڵام چۆن زەوییەكەی وەرگرتووە، دیار نییە، بۆیە رێكارەكە نایاساییە و كارەكە نایاساییە، بە نایاساییش وەبەرهێنان مۆڵەتی پێ داوە.
Back to top button