ئەنجومەنی دادوەری بە نەخێر وەڵامی موقتەدا سەدری دایەوە

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر داوای لە ئەنجومەنی دادوەری کرد لە ماوەی هەفتەیەک پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە نەرێنی وەڵامی داواكەی موقتەدا سەدری دایەوە

لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق بڵاوی كردەوە كە ئەوان ناتوانن دەستێوەردان لە كاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا بكەن، ئەمەش بەهۆی مادەی 64ی دەستووری عێراق.

ئاماژەشی بەوە داوە كە پەرلەمان تەنها بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامان دەشێ بێتە هەڵوەشاندنەوە، یاخود لەسەر داوای سەرۆك وەزیران و بە رەزامەندی سەركۆمار.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەشڵێ هیچ لایەنێك، تەنانەت ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییش ناتوانن چارەسەرێك بەسەر ئەم دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی عێراقدا بسەپێنن، تەنها لە ڕێگەی دەستوورەوە نەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکی نوێدا، داوای لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كردبوو تا کۆتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە.

سەدر رای گەیاندبوو کە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان پێویستى بە کۆبوونەوەى پەرلەمان نییە و داواش لە ئەنجوومەنى دادوەرى و دادگاى فیدراڵى دەکات تا کۆتای هەفتەى داهاتوو پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە و وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنیش دیاری بکرێت.

ئەم یەیامەی سەدر لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوو نوری مالیكی رایگه‌یاندبوو، “هەڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجام نادرێت و په‌رله‌مانی عێراقیش هەڵناوەشێندرێتەوە”.

Back to top button