سەركردەیەكی یەكگرتوو بۆ دكتۆر عەبدولواحید: مەككە پیرۆزە بەڵام كوردستان لە هەموو دونیا لام خۆشەویسترە

سەركردەی پارتێكی ئیسلامی، پێچەوانەی هەندێك لە ئیسلامییەكان لەبارەی بەراوردی پیرۆزی لەنێوان كوردستان و مەككەدا، داوا دەكات، ”شتەكان تێكەڵ نەكرێن“ و جەخت دەكاتەوە كە كوردستان لە لای ئەو لە هەموو دونیا خۆشەویستترە.

پاش ئەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی دكتۆر عەبدولواحید (بانگخوازی سەر بە كۆمەڵی دادگەری) بڵاو بووەوە كە تیایدا دەڵێت، سعودیە لە كوردستان بە پیرۆزتر دەزانێت.

لە بەرامبەردا محەمەد ئەحمەد، یەكێك لە سەركردەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پێگەی خۆی نووسینێكی بە ناونیشانی (ئایا مەککە پیرۆزترە یان کوردستان) بڵاو كردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: نابێ بهێڵین شتەکان تێکەڵ ببن، هەندێ شت هەیە ئایینییە، هەندێک هەیە نیشتمانییە، هەندێک شت هەیە نەتەوەییە و هەندێكیشیان مرۆییە.

ڕوونیشی كردەوە: مەککە لە ڕووی ئایینییەوە پیرۆزترین شوێنە بۆ نوێژ و بۆ حەج و عومرە، هیچ موسڵمانێک ناتوانێ ڕووگەیەک بدۆزێتەوە و دوو ڕکات نوێژ بکات بۆ خوا و ڕووی تێبکات لە مەککە نەبێت، بە مەدینەشەوە.

ئەوەش ناشارێتەوە كە، کوردستانی عێراق نیشتمانی منە، وەک نیشتمان لە هەموو دونیا لام خۆشەویستترە، مەگەر دەرمبکەن.

ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو نەیشاردووەتەوە كە ئەگەر بشچێت بۆ حەج یان عومەر، كە تەواو بووم، ئەگەر نەگەڕێمەوە بۆ وڵاتی خۆم، بەزۆر دەرم دەكەن.

محەمەد ئەحمەد دەڵێ: وەك کوردبوون، من خوا بە کورد دروستی کردووم“ هەروەها جەختی كردووەتەوە: ”لە ئەسڵدا خوا ئایینەکانی بۆ خزمەتی مرۆڤ ناردووە تا ڕاستی بدۆزنەوە. کەواتە نابێ شتەکان تێکەڵ بکەین، دەبێ لە سیاقی خۆیاندا خوێندنەوەی بۆ بکەین.

Back to top button