سەرەتای هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

ئاراز جەبار، شارەزای کەشناسی بڵاویکردوەتەوە، لە ئەنجامی چالاکبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ھیندی لەسەر ناوچەکانمان لەسەرەتای ھەفتەی ئایندەوە، واتە رۆژی شەممە 13ی ئابی 2022 بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکاتەوە بەرێژەی دوو تا چوار پلەی سیلیزی و لوتکەی گەرماکەش دەکەوێتە نێوان 16 بۆ 18ی ئەم مانگە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەم مەودایە رادەی شێ بەرزدەبێتەوە و لەھەوادا پەڵە ھەوریش دەردەکەوێت و بەرزترین پلەی گەرمی لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێمدا بەم شێوەیە لەم مەودایەدا بەرز دەبێتەوە( ھەولێر لەنێوان 45 بۆ 46 پلە ، سلێمانی44 بۆ 45 پلە ، دھۆک 44 بۆ 45 پلە ، کەرکوک 46 بۆ 47 پلە ، ھەڵەبجە 45 بۆ 46 پلە ، لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان 49 بۆ 50 پلە دەبێت.

ئاشکراشیکردوە، لە مەودای 19 بۆ 25ی مانگ کەمێک کاریگەری ئەم گەرمایە بەرێژەی دوو پلە کەمدەبێتەوە و بەردەوامی ئەبێت و گۆڕان لەماوەکەیدا ئەبێت بە درێژبونەوە یان کەمبوونەوەی ماوەکەی، بەگشتی ئەم شەپۆلە گەرمیە ئەگەر ھەیە کۆتا گەرمای بەتینی ھاوینی ئەمساڵ بێت و لەماوەکانی دواتردا پێشبینی ناکرێت پلەکانی گەرما بەم رادەیە بەرزببنەوە و کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی کەم دەبێتەوە لەسەر ناوچەکانی ھەرێم.

 

Back to top button