ساسان عەونی: لەم هەفتەیەدا دەست بە گۆڕینی بۆریی ئیفراز 3 دەكرێ

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانی بەسەرکردنەوەی تیمەكانی چاككردنەوەی بۆریی ئیفراز 3 ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا دەست بە گۆڕینی بۆریی ئیفراز 3 دەكرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە وێستگەی مارعۆدا كە بۆریی ئیفراز سێی هەولێری لێ شكاوە، ڕایگەیاند: دوای ئەوەی كە لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لێكۆڵینەوەیان لە ڕێڕەوی بۆرییەكە كرد و بڕیار درا بە درێژایی 11 كیلۆمەتر بگۆڕدرێت، بۆ ئەو مەبەستە جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕەزامەندی دا بۆ گۆڕینی ئەو بۆرییە و پارەی پێویستی بۆ تەرخانكراوە.

 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاشیگەیاند: لە قۆناغی یەكەمدا زیاتر 3 كیلیۆمەتر لە وێستگەی مارعۆداوە تاوەكو ناو شاری هەولێر كە زۆربەی شكستەكان لەو شوێنەن دەگۆڕدرێت.

سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە گوتی: بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەخێرایی تەواو بكرێت، پرۆژەكە ناخەینە تەندەرین و یەكسەر بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكان پێمان دراوە وا دەكەین یەكەسەر هەر لەم هەفتەیەدا لە ڕێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە دەست بە كارەكان دەكرێت بۆ گۆڕینی بۆرییەكە.

سەبارەت بە هۆكار و گرفتی بۆرییەكەش ئاماژەی بەوە دا کە “گرفتی شكانی بۆرییەكە، هەم هۆكاری تەكنیكییە و هەم هۆكاری زێدەڕۆیی پێشووە كە لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر ڕێڕەوی بۆرییەكە كراوە، كاتێک ئاو بەشێوەیەكی زۆر گوشار لەسەر بۆرییەكە دروست دەكات و شكستی پێشتریشی تێدایە، جار بە جار دەبێتە هۆی شكانی بۆرییەكە لە وێستگەی مارعۆدا.”

سەبارەت بە جۆری بۆرییەكەش جەختی کردەوە کە “جۆری بۆرییەكە دەگۆڕین و دەكەینە ستیلی ئاسن و ڕەنگە لە ماوەی دوو مانگدا تەواوی كارەكانی پرۆژەكە تەواو بكرێت و ئەو گرفتە چارەسەر دەكەرێت.”

Back to top button