مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بەبۆنەی دامەزراندنی پارتی و لە دایک بوونی سەرۆک بارزانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

 

به‌ بۆنه‌ی حه‌فتاوشه‌شه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌دایكبوونی سه‌رۆك بارزانی، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و تێیدا رایگه‌یاند، پارتی رووی لە ئاشتی، چارەسەر، یەکریزیی نێوخۆییدایە، لەگەڵ بەغدا دەستووری هەمیشەیی عێراق و رێککەوتن و سازان بە بنەمای چارەسەر  دەزانێت. هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، پارتی لەو پێناوەدا ماندوو نابێ و ھەموو ھەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی خۆی دەخاتەوە گەڕ و شێلگیرانە لەو پێناوەدا خەبات دەکات.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، هاتووه‌: شازدەی ئاب، رۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرھەمدارەکەی گەلەکەمان، کە تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و لە ھەمان رۆژیشدا رێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی لەدایکبوو و چاوی بە ژیان و خەبات ھەڵێنا، دەستپێک بە دڵێکی پڕ لە ھیواوە، ھیوا بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر، پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەل، رێزدار سەرۆک بارزانی، نیشتیمانپەروەر و ئازادیخوازان دەکەین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە جیھانبینیی(مستەفا بارزانی)ی رابەری نەتەوە و دامەزرێنەری پارتی، لە رۆژی گەشی دامەزراندنییەوە تا ئێستا خەبات دەکات لە پێناو  ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی و، ھەروەها کار دەکات لە پێناو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بووژانەوەی ئابووری و گەشەکردنی کولتووری و فەراھەمکردنی باشترین ژیان بۆ ھاوڵاتییان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، مه‌كته‌بی سیاسی رووی له‌ كادیر و ئه‌ندامانی كردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌ ته‌نگژه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان كردووه‌ و تێیدا هاتووه‌: لە کاتێکدا کە ئەم یادە شکۆدارە بەرز و پیرۆز رادەگرین، ناوچەکە و عێراق و کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیار و پڕ ئەرکدا تێدەپەڕێت، گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان تا دێ ھەڵدەکشێن، بۆیە دەبێ ھەموومان رووەو چارەسەر ھەنگاو بنێین، بەرژەوەندییە باڵاکان ببینین و لە پەنجەرە گەورەکەوە سەیری ئەرکە ھەنووکەیی و ھەمیشەییەکان بکەین.

جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە، ڕووی لە ئاشتی، چارەسەر، یەکڕیزیی نێوخۆییدایە، لەگەڵ بەغدایش دەستووری هەمیشەیی عێراق و رێککەوتن و سازان بە بنەمای چارەسەر  دەزانێت و لەو پێناوەشدا ماندوو نابێ و ھەموو ھەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی خۆی دەخاتەوە گەڕ و شێلگیرانە لەو پێناوەدا خەبات دەکات.

Back to top button