ڕۆژنامەنووسێکی میسڕی وتارێک لەسەر سەرۆک بارزانی بڵاو دەکاتەوە

ڕۆژنامەنووسێکی میسڕی ئەمڕۆ سێشەممە لە 16ـی ئابی 2022 وتارێکی لەسەر سەرۆک مەسعوود بارزانی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، تۆ لەودیوی سنوورەوە باوک و پەناگەیەکی ئارام بوویت بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە.

د. دینا دیاب، ڕۆژنامەنووسی میسڕی وتارێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی “بۆ ئەو کەسەی خۆناچەمێنێ؛ هەموو ساڵێکت بەخۆشی سەرۆک مەسعوود بارزانی.”

لە وتارەکەی د. دینا دیاب نووسیویەتی “ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی گرنگە، لەدایکبوونی سەرکردەیەکی سیاسی و کەسایەتییەکی ناوازەی مێژووییە و گرنگترین کەسایەتی سیاسیی چالاکی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها کاریگەرترین کەسە لەبەرامبەر قەیران و پرسەکانی ناچەکە.”

هەروەها نوویسیویەتی “ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعوود بارزانییە و بە ڕێکەوت لەهەمان ڕۆژ لەدایکبووە کە باوکی مستەفا بارزانی نەمر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە، ئەم لەدایکبوونە لە ساڵی 1946 هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی ئەو حزبە کە بە دەنگی ڕاستەقینەی کوردستان دادەنرێت.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “گوتەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەبۆنەی دامەزراندنی ئەو حزبە لە 1946، ئامۆژگارییەکی بە نرخ و دڵسۆزانە بوو، کە تێیدا هاتبوو “بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ئامانجی سەرەکی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێت، لەسەر بنەمای برایەتی و یەکدەنگی و بەرژەوەندییە باڵاکان و بەرزنرخاندنی قوربانیدان و تێکۆشانی خەباتی ئەندامانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.”

د. دینا دیاب ئاماژەی بەوە داوە کە “سەرۆکایەتی حزب لەلایەن سەرۆک مەسعوود بارزانی لە ساڵی 1979ـەوە جەخت لەسەر هەماهەنگی نێوان ئەو سەرکردەیە و حزبەکەی دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا نەگۆڕاوە، ئەو سەرۆکی حزبێکی دیموکراتی نەتەوەییە، باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادی تاکەکەسییەکان، مافی گەلی کورد و گەلانی دیکە لە چارەنووسی خۆیان هەیە، بەشێوەیەکی زانستی، ئاشتییانە و دیموکراسییانە خەبات دەکات، کە ئەمەش لە ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد و کەلەپووری نەتەوەیی و خەباتی بارزانی نەمر و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەلان هاوتەریب لەگەڵ واقیعی کوردستان سەرچاوەی گرتووە.”

ئاماژەی بەوەش داوە کە “لەمێژووی سەرۆک بارزانی دەبینیت کە لە ژیانی تایبەتی و گشتی دروشم و پرەنسیبەکانی حزب بەرز دەکاتەوە، لە 16ـی ئابی 1946  لە شاری مەهاباد لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران چاوی بە دوونیا هەڵهێناوە، لەو شوێنەی کە تێیدا کورد لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، یەکەم دەوڵەتی لە مێژووی خۆی دامەزراندووە، گەنجی و هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی کوردی تەرخان کرد، بەر لە چارەسەری فیدراڵی بۆ ئۆتۆنۆمی و جیابوونەوە کاری کردووە، بە ڕەچاوکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ئەمەی بە واقیعی تر زانیوە، ساڵانێکی زۆر پێشمەرگەیەتی کردووە و لەوێوە ڕووی لە کاری سیاسی کردووە، تاوەکو لە ساڵی 1971 بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، پاشان بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دامەزراوەی ئەمنی.”

د. دینا دیاب جەختی کردۆتەوە کە “بە درێژایی سەردەم لە ساڵی 1971ـەوە تاوەکو ئێستا سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردیدا هەبووە، هەروەها بەشداری کردووە لە دامەزراندنی چەندین قەوارەی سەربازی و سیاسی کە حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا دایمەزراندووە، ئاڵای حزبی بەرزکردووە، لەپێناو پاراستنی گەلەکەی و حزبەکەی جەنگاوە، هەرگیز نەچەماوە و چۆکی نەداوە، بنەماکانی حزبەکەی کردووەتە بنەماکانی ژیانی خۆی و پەیامێکی ڕاستەقینەبووە لە ژیانیدا.”

هەروەها نووسیویەتی “نوێبوونەوە، دادپەروەری و پێکەوەژیان دروشمی ئەو حزبە و دروشمی بارزانییە لە مێژووی سیاسی، سەربازی و کەسیدا، ئەمەش دەیخاتە ڕیزی سەرکردە مێژووییەکانەوە.”

ئەو ڕۆژنامەنووسە میسڕییە باسی لەوەش کردووە کە “با بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک مەسعوود بارزانی و حزبەکەی بکەین، پێی بڵێین لەودیوی سنوورەکانەوە باوک و پەناگەیەکی ئارام بوویت بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە، تۆ دەیانپارێزیت، خۆراکیان دەدەیت، لە هەژاری و برسییەتی، لە دیلییەتی و نەهامەتی و نەزانی ڕزگاریان دەکەیت، هەست بە هەموو مرۆڤەکان دەکەیت، دەستەکانت بەسەر هەمووانەوەیە، هەموو ساڵێکت بەخۆشی بێت سەرۆک.”

Back to top button