فالح فەیاز : داوا لە سەرۆك بارزانی دەکەم رۆڵی حەكیمانەی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ داخرانی سیاسی لە عێراق بەكاربێنێت
دوایی ئەوەی دوێنێ 76مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بزاوی عەتا بە سەرۆكایەتی فالح فەیاز، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی كرد، لە پەیامەكە داوای لە سەرۆك بارزانی كرد رۆڵی حەكیمانەی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ داخرانی سیاسی لە عێراق بەكاربێنێت.
لە پەیامەكە كە ئاراستەی سەرۆك بارزانی و و ئەندام كادرانی پارتی كراوە، فەیاز دەڵێت، لەو بۆنە پڕشنگدارەدا وەك ئەنجوومەنی سەركردایەتی بزاوی عەتا چاومان لەوەیە سەركردایەتی پارتی رۆڵی حەكیمانەی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ داخرانی سیاسی ببینێت، كە وڵات پیایدا تێپەڕ دەبێت.
زیاتر هاتووە، هەروەها هەوڵی پتەوكردن و پەرەپێدانی پێوەندییە دووقۆڵییەكانمان لەسەر بنەمای برایەتی و هەوڵدان بۆ پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سەقامگیری و یەكخستنی ریزەكان و تێپەڕاندنی سەختییەكان و كێشە و بەربەستەكان و هەنگاونان بەرەو دواڕۆژێكی باشتر دەدەین.
شایەنی باسە دۆخی عێراق بەهۆی ململانێی سەختی ناو ماڵی شیعە خراپە و لە شەڕی ناوخۆییەوە نزیك بووەتەوە، بەتایبەتی هێزە سیاسییەكانیان جیا لەوەی گفتوگۆ و سازش بۆ یەكتر ناكەن و دۆخەكەیان بەرەو داخرانی سیاسی بردووە، خەڵكیان رژاندووەتە سەر شەقامەكان و رووبەڕووی یەكتریان كردوونەتەوە.