“داعش” ئامادەکاریی دەکات بۆ دامەزراندنی ویلایەتەکەی لە ناوجەرگەی ئەفریقیا

ناوچەی میناکا لە باکووری مالی لەسەر سنووری نەیجەر بووەتە ئامانجێکی ستراتیجیی و بنکەیەک بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی “داعش” لە مالی و ناوچەی کەناراوا بە مەبەستی دامەزراندنی ویلایەتەکەی و لەم چەند مانگای دواییدا کردەوەکانی “داعش” زۆر زیادی کردووە.

 

“داعش” بەدیاریکراوی ناوچەی میناکا دەکاتە ئامانج چونکە کەوتووەتە سەر ناوچەیەکی سنووری و دەتوانێت هەڵبێت بۆ هەر دەوڵەتێک لە کاتی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز، هەروەها بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە و، دەستبەسەرداگرتنی سەدان مەڕوماڵات و شوانەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و، لەوەتەی فەڕەنسا بڕیاری داوە بە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی لە مالی، “داعش” کردەوەکانی لە ناوچەکە زیاد کردووە.

 

سەرچاوەیەکی ناوچەی ئەزواد کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ماڵپەڕی “سکای نیوز عەرەبییە”ی راگەیاند، “داعش” بوونێکی بەهێز و کارای هەیە لە ناوچەی نێوان ئەزواد لە باکووری مالی و نەیجەر و بۆرکینافاسۆ و بەدیاریکراوی لە ناوچەی میناکا و، لە مانگی ئاداری رابردووەوە لە هەر کاتێک زیاتر “داعش” کردەوەکانی لە دژی کەسە مەدەنییەکان زیاد کردووە و لەو کردەوانە زیاتر لە هەزار کەسی مەدەنی و دەیان سەربازی بزووتنەوەکانی بلاتفۆرم (گرووپی ئەزداودی) کوشتووە.

 

سەرچاوەکە ئەوەشی زیاد کرد، بزووتنەوەکانی بلاتفۆرم هەوڵیداوە بەرپەرچی هێرشەکانی “داعش” بداتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، چونکە “داعش” زۆرێک لە چەکدارانی خۆی لە نەیجەر و نەیجیریا بە هەموو کەرەستە و چەک و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بۆ ناوچەکە هێناوە، ئاماژەشی پێدا، “داعش” بەمدواییە کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر ناوچەی ئەزرنبووکار لە باکووری مالی سەپاند.

Back to top button