نەوشیروان مستەفا بۆ سەرۆك بارزانی: ئێمە لە براگەورەی خۆمان هەر ئەوە چاوەڕێ ئەكەین
بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە نووسینی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە ژێر ناونیشانی “ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان” كەوتە بەردەست خوێنەران.
كتێبی ڕاپەڕین بەرهەمی یاداشتەكانی ڕۆژانەی ژیانی سەرۆك بارزانییە، لە 20 بەشی جیاجیا پێكهاتووە و ڕۆشنایی خستووەتە سەر قۆناغێكی گرنگی خەباتی گەلەكەمان، لە نێوان ساڵانی 1991 تا ساڵی 2002.
كتێبەكە باسی ئەو ڕووداوە گرنگانە دەكات لە ڕاپەڕین و ساڵانی دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی كوردستاندا ڕوویان داوە، ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی گەلی كوردستانی لەو بەشەی كوردستاندا بردووەتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.
هاوكات لەو كتێبەی سەرۆك بارزانیدا باس لەو ئاستەنگ و گیروگرفتانە كراوە كە بوونە كۆسپ لە بەردەم گەلی كوردستان، ئابڵۆقە و دەستوەردانە دەرەكییەكان و هەڵەی ژمارەیەك سەركردەی سیاسی و شەڕی خۆكوژی و ململانێكان، هەڕەشەی بەردەوامی هەرێمایەتی و بارودۆخی نالەباری ئابووری و سەتان ڕووداو و ئاستەنگی تر لەم كتێبەدا ئاماژەیان پێ دراوە.
كتێبەكە كۆمەڵێك وێنەی گرنگ و مێژوویی و 73 بەڵگەنامەی سیاسی و مێژوویی لەخۆ هەڵگرتووە، سەرچاوەیەكی گرانبەهای سیاسی و مێژووییە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژوونووسان و لە دووتوێی 832 لاپەڕەدا، ئەمڕۆ كەوتە بەر دیدی خوێنەران.
نموونەی گۆڕینەوەی چەند نامەیەكی نێوان سەرۆك بارزانی و نەوشیروان مستەفا لە كتێبەكەدا.:
سەرۆك بارزانی بۆ نەوشیروان مستەفا: زۆرم پێ خۆش بوو چاومان بە جەنابت بكەوتبا، پڕ بەدڵ سوپاسی جەنابت دەكەم و بۆچونەكانمان 100% موتابیقن.
لە وەڵامدا نەوشیروان مستەفا بۆ سەرۆك بارزانی: ئێمە لە براگەورەی خۆمان هەر ئەوە چاوەڕێ ئەكەین، سوپاسی ئەو هەموو لوتف و بڕوایەی جەنابت ئەكەین.