چوارچێوە گوشار بۆ دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكات
لەگەڵ ئەوەی ئەجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هۆی ئالۆزی سیاسی و باروودۆخی عێراق دانیشتنەکانی هەڵپەسارد، لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی فشار لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان دەکات کە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەست پێبکاتەوە، لە کاتێکدا هیچ سازانێک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان ئەنجام نیە.
فەهد جبووری، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، لە ماوەیەكی زۆر نزیك دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ دەكاتەوە، ئێستە چوارچێوە سەرنجی خستووەتە سەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەهۆی ئەوەی حكوومەتی مستەفا كازمی كاربەڕێكەرە و دۆخەكە پێویستی بە حكوومەتی تەواو هەیە.
لەبارەی شوێنی بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، شوێنی سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان گرنگ نییە، لە ناوچەی سەوز بێت یان لە دەرەوەی، بۆیە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار ساز دەكرێت، دانیشتنەكانی پەرلەمانیش بەردەوامی دەبێت.
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی ئاشكرایان كرد كە چەند لایەنێكی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەتی دەوڵەتی یاسا و عەسائیب ئەهلولحەق، گوشارێكی زۆر لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن بۆ كۆتاهێنان بەو هەڵپەساردنەی دانیشتنەكانی پەرلەمان كە رای گەیاندووە، هەروەها سازكردنی دانیشتنی تایبەت بە دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی محەمەد شیاع سوودانی، كاندیدی چوارچێوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.