شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بە ناڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی دەڵێت جووڵاندنی هێز کێشە چارەسەر ناکات

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رەخنە لە جووڵاندنی هێز لەلایەن بەرپرسانی حزبەکەی و تێکدانی شوێنەوارەکانی شاری سلێمانی دەگرێت و دەپرسێت: هیچ مافیایەک یان بەچکە مافیایەک دەستگیرکرا؟.

لە وتارێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نووسیویەتی: گوتی وتی ناو شار باس و چیرۆکی ئەو هێزە بوو کە چوو بووە شارەوانی، بێگومان هەموو کارێکی لەو شێوەیە کە هێزی جۆراوجۆر و رەنگاورەنگی تیا بەکار بێت رەنگدانەوەی جۆراوجۆریش بەدوای خۆیدا دێنێت. من خۆم کۆتایی چیرۆکەکەم نەزانی چی بوو، ئایا هیچ مافیایەک یان بەچکە مافیایەک دەستگیرکرا؟ ئایا ئەو هەموو هێز و لێدوانە رۆژنامەوانی و روونکردنەوە و بێنە و بردەیە هیچ سودی دەبێت؟ ئەگەر بەقەدەر نووکی دەرزییەک سودی هەبووایە ئەمڕۆ لەسەر رووخاندنی کەشتی نوحەکەی سلێمانی خەبەرمان نەئەبوەوە، رووخاندنی ئەو خانووەی مامۆستا “نەجمەدینی مەلا” یەک لە تاوانە گەورەکانە کە بەرامبەر بە سلێمانی کرابێت.

دەشڵێت: ناردنی هێز هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و رێگری لە سەدبارەبوونەوەی ئەو تاوانە قێزەوەنانە ناکات، کە بەرامبەر بە سلێمانی دەکرێت، چونکە زەوی فرۆشان و خانوو روخێنەران و موڵەت پێدەران و چاوپۆشی کەران هەموو بە رۆژی رووناک و زۆر بێباکانە لە جادە و کۆڵانەکانی شارا دەگەڕێن.

 

Back to top button