لەسەر کوردستان نامەیەك ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرا

چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا لەنامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان دەلێن:” سەرچاوەکانی گازی هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوکاریی عێراق و لە کۆتاییدا بۆ تورکیا و باشووری ئەوروپا بن

 

مایکڵ واڵتز، دینا تیتوز و دۆوگ لامبۆرن ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان داوا دەکەن لەگەڵ حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و گاز لە نێوان هەولێر و بەغدا.

 

لە نامەکەیاندا هاتووە: “لە دەستووری عێراقدا لە ماددەی 112 و 111 رێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات کە پەرە بە سەرچاوەکانی نەوت و گاز لەو ناوچانە بدات کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و سەربەخۆییان بەرامبەر بە بەغدا هەیە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بەم راڤەیە گرێبەستی پەرەپێدانی نەوت و گازیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی کردووە.”

 

لە بەشێکی دیکە نامەکەدا هاتووە: “سەرچاوەکانی گازی هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوکاریی عێراق و لە کۆتاییدا بۆ تورکیا، هەروەها باشووری ئەوروپا بن، تاوەکو دەستبەرداری دابینکردنی گازی ئێرانی و رووسی ببن، بەتایبەتیش کە ئێمە سزاکانمان بۆ سەر رووسیا بەهۆی داگیرکارییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا هێشتا کارایە.”

 

هەروەها لە نامەکەدا هاتووە: “ئێران هەست بەم هەڕەشەیە بۆ سەر بازاڕی دەرەکیی وزەی خۆی دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵدا چەند مووشەکێکی ئاراستەی هەولێر کرد، ماڵی دیارترین بازرگانی نەوتی کوردستانی تێکدا. هەروەها ئەو میلیشیا مەزهەبیخوازانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، پاڵاوگەیەکی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان وەستاند و بەلایەنی کەمەوە بە پێنج مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ژێرخانی نەوتی کوردی.”

 

ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس ئاماژە بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەکەن و نیگەرانن لەوەی ئەو هەنگاوانە عێراق ناسەقامگیرتر و گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر بکات و ناسەقامگیرییەکیش لە بازاڕی نەوتی نێودەوڵەتی دروست بکەن، لەبەر ئەوە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەن لەگەڵ هەردوو حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆ بکات و هاوکار بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە، دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە مافە ئۆتۆنۆمی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراون.

Back to top button