ئەو گەنجەی لە دهۆك كوژرا چەكداری پێشووی پەكەكە بووە
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە شاری دهۆک گەنجێک هاتە کوشتن، سەرچاوەیەکی ئەمنی یش لە شاری دهۆک ئاشكرای دەکات:” ئەو گەنجەی ئەمڕۆ لە شاری دهۆک کوژرا، خەڵکی باکووری کوردستانە و پێشتر چەکداری پەكەكە بووە.
بەپێی هەواڵێكی كەناڵی “کوردستان24″، ئەو گەنجەی ئەمڕۆ لە دهۆک کوژرا، خەڵکی باکووری کوردستانە و ناوی محەمەد عەلائەدینە، نزیکەی شەش مانگ دەبێت وازی لە پەكەكە هێناوە و چووەتە سلێمانی، بەڵام دوای ئەوەی چەند جارێك لە سلێمانی هەڕەشەی لێ كراوە، رووی كردووەتە دهۆک و داوای مانەوەی كردووە.
لە کاتی داواکردنی مافی مانەوە، محەمەد عەلائەدین رای گەیاندووە کە لە تەمەنێکی بچووکدا چەکدارانی پەکەکە هەڵیانخەڵەتاندووە و بردوویانەتە شاخ، دوای وازهێنانیشی رووی کردووەتە هەرێمی کوردستان.
لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک دوای ڕووداوەکە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی 19ـی 08ـی 2022 لە سەنتەری پارێزگای دهۆک گەنجێک کوژرا و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە بۆ لێکۆڵینەوە.
ڕاشیگەیاند: لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوشتنەکەی بەردەوام دەبێت و بەپێی ماددەی 406 بڕیاری گرتنیش بۆ بکوژەکەی دەرکراوە.