تورکیا داوای کردبوو ، هەرێمی کوردستان بخرێتە سەروڵاتەکەیان

 

 

سەركۆماری توركیا پێشنیازی ئەوەی بۆ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كردووە كە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی شێوازی حوكمڕانیی فیدرالی یان كۆنفیدرالی، بخرێتە سەر توركیا.

 

سەرۆك بارزانی، لە لاپەڕە 136ی بەرگی پێنجەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد. راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان)، پێشنیازێكی توركیای ئاشكرا كردووە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان یان ئەو بەشەی كە بە كوردستانی عێراق ناسراوە، بخرێتە سەر توركیا.

 

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی، لە كۆتایی مانگی تەمووزی 1992، كاتێك بەرەو ئەمریكا لە ڕێگە بووە، چۆتە دیاربەكر و دواتر لە ئیستەنبۆڵ چاوی بە تورگوت ئۆزال، سەركۆماری پێشووی توركیا كەوتووە.

 

سەرۆك بارزانی دەڵێت: ”ئۆزال ئاماژەی بە خاڵێكی زۆر گرنگ دا و رایگەیاند كە لەگەڵ مام جەلالیش باسی كردووە. كاتێك سەردانی ئەمریكاتان كرد، لە ئەمریكییەكان بپرسن، ئایا ڕا و سەرنج و بۆچوونیان چییە كە لەگەڵ توركیا بگەنە ڕێككەوتن لەسەر شێوازی فیدڕاڵی یان كۆنفیدڕاڵی و كوردستانی عێراق بخرێتە سەر توركیا، چونكە كاتی خۆی زوڵمێكی گەورە لە توركیا كرا بە دابڕاندنی ویلایەتی مووسڵ“.

 

هاوكات سەرۆك بارزانی ئەوەش ناشارێتەوە كە زۆر بەلایەوە سەیر بووە ئەم بابەتە بەم ڕاشكاوییە باس بكرێت. دەشڵێت: ”كە گەیشتمە ئەمەریكا، بابەتەكەم لەگەڵ مام جەلال باس كرد، گوتی: (بەڵێ راستە، لەگەڵی باس كردووم). هەردووكمان ڕێك كەوتین كە ئەگەر دەرفەت ڕەخسا، بابەتەكە لەگەڵ ئەمەرییەكییەكان باس بكرێت، بۆ ئەوەی لانی كەم را و بۆچوونەكانیان لەمبارەیەوە بزانین“.

 

دواتر لە لاپەڕە 140ی هەمان كتێبدا، سەرۆك بارزانی ئاشكرای كردووە كە بابەتەكەیان لەگەڵ ئەمەریكییەكان باس كردووە و نووسیویەتی: ”سەبارەت بە داواكاری و بابەتی توركیا، من و مام جەلال پرسیارمان لە ئەمەریكییەكان كرد، لە وەڵامدا رایانگەیاند، ئەمە بابەت و پرسێكی گەورەیە و پێویستی بە دیراسە و توێژینەوەیەكی ورد هەیە، دواتر وەڵامتان دەدەینەوە، وەڵامیان نەدایەوە و ئێمەش پرسیارمان نەكردەوە“.

Back to top button