داشکاندنی ١٥% بۆ تەواوی پێشینەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
وەکو هەولێک بۆ ئاسانکاری لە دانەوەی قەرزەکانی هاووڵاتییان لە پێشینەکانی خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنی ١٥%ی بۆ تەواوی ئەو قەرزانە و لێخۆشبوونی تەواو بۆ سزاکانی دانەوەی پێشینەکانی دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە داشکاندنی رێژەی ١٥% بۆ پابەندە داراییەکان بەردەوام دەبێت لە بواری شارەوانییەکان و گەشتوگوزار و ئاودا.
هەروەها سزای دارایی دواکەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەڵدەگیرێت، ئەگەر خاوەنکار پارەی کەڵەکەبووی بەشداربووان بە یەکجار و بەشێوەی نەختی بدات.
لە هەمان کاتدا لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و رەسمی کەڵەکەبووەکان وەرناگیرێت، بەمەرجێک ئەو هاووڵاتییە تەواوی باج و رەسمی کەڵەکەبووەکە بداتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو داشکاندنە تاوە ٢٠ی ئەیلولی ئەمساڵ دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢