سەرۆك بارزانی: داستانی كۆڕێ هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی

سەرۆك بارزانی لەبەشی چوارەمی ، بەرگی پێنجەمی پەرتووكی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد باسی پەلاماری رژێم بۆ سەر كوردستان و بڕیاری بەرگریكردن لەلایەن هێزی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت: خۆشی و شادیی و سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان ماوەی مانگێكی نەخایاند. ئەوە بوو جارێكی تر هێزەكانی رژێمی بەعس پەلاماری كوردستانیان دایەوە. دوای ئەوەی هاوپەیمانان رێگایان بە رژێم دا هێزەكانیان لە باشوور بكشێننەوە و بۆ گواستنەوەیان هەلیكۆپتەرەكانیان بەكاربهێنن، رژێم دەرفەتەكەی قۆستەوەو سوودی لێ وەرگرت بۆ داڕشتنی پلانێكی تۆكمەی هێرشێكی گشتی و سەرتاسەری بۆ كوردستان.
رۆژی 28ی ئاداری 1991 رژێم دەستی بە جموجۆل كرد، بەرەو كوردستان و دەستی بەهێرشەكانی كرد بۆ سەر كەركوك، سلێمانی، هەولێر و دهۆك.هەرچەندە بەرگرییەكی باشكرا، بەڵام بەهیچ شێوەیەك هاوسەنگی هێز لە نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقدا نەبوو لە رووی چەك و توانا سەربازییەكانەوە، هێزەكانی (نبوخدسر) و بەغدا لەگەڵ چەندین فیرقەی دیكەی سوپای عێراق بە پشتیوانی تانكە پێشكەوتووەكانی( تی 72 ) هێرشەكەیان بۆ سەر كوردستان دەستی پێكرد. تەنانەت ئارپیجی( 7) یش كاریگەرییان لەسەر تانكەكان و رێگرتن لە پێشڕەوەییان نەبوو. هەتا گەیشتە ئەوەی لە 1ی نیسانی 1991دا هێزەكانی رژێم، ناوەندی هەرچوار پارێزگا و سەنتەری چەندی قەزایان گرتەوە، نزیكەی حەفتا لەسەدی هەموو شوێنەكانیان گرتەوە.

دوای هێرشە بەربڵاوەكانی هێزەكانی رژێم بۆ سەر كوردستان زۆربەی دانیشتووانی شاروشارۆچكەكانی كوردستان ماڵوحاڵی خۆیان بەجێهێشت و روویان لە سنوورەكانی توركیاو ئێران كرد، ترس و نیگەرانی خەڵك زیاتر لە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بوو لە لایەن رژێمەوە، ئەوەش بووە هۆی لاواز بوونی گیانی خۆراگری و بەرگریكردن، خەڵكیش نەیاندەویست چی تر لەژێر حوكمی بەغدا بژین، تەنانەت بەر لە گەیشتنی هێزەكانی رژێم بۆ ناوەندی شارەكان،نزیكەی 80%ی دانیشتووان شارەكانیان چوڵكردبوو و روویان لە سنوورەكانی توركیا و ئێران كردبوو، ئەو رووداوە پِر لە تراژیدیایە بە كۆڕەوە ملیۆنییەكەی گەلی كوردستان ناوبانگی دەركرد.

سەرەتا وڵاتان و رای گشتی جیهان لەبەرامبەر تاوان و پەلاماری رژێم بۆ سەر خەڵكی كوردستان بێدەنگیان كردوو و كاردانەوەیان نەبوو، بەڵام دوای گەیشتنی كەناڵەكانی راگەیاندن و گواستنەوەی وێنەو رووداو تراژیدییەكانی جەماوەری كوردستان لەسەر سنووری ئێران و توركیا، وڵاتان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاتنە سەر هێل و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بەمەبەستی پشتگیری پاراستنی و گەلی كورد ،سەرۆك میتران ،سەرۆكی فەرەنسا رۆڵێكی گەورەو بەرچاوی بینی لەدەركردنی بڕیاری 788ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 1ی نیسانی 1991دا، هەروەها جۆن مێجەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رۆڵێكی گەورەی بینی لە دامەزراندنی ناوچەی ئارام و دژەفڕێن بۆ پارستنی گەلی كوردستان.

هەروەها سەرۆك بارزانی سەبارەت بە داستانە مێژوییەكەی كۆڕێ دەڵێت:رۆژی 7ی نیسانی ساڵی1991 رژێم بە فیرقەیەكی زریپۆش وبەتانكی( تی 55 ) هێرشێكی گەورەی كردە سەر مەسیف سەڵاحەدین، چونكە تانكەكانی( تی 77 ) لەگەڵ هێزەكانی پاسەوانی كۆماری لەناو شاری هەولێر و دەوروبەری جێگیركرابوون ،ئەو هێزەی رژێم فیرقەی بیست و حەوت بوو.

هێرشەكەی دوژمن زۆر خێراو خافڵگیرانە بوو. هێزەكانی بەرە هەر زوو پاشەكشەیان كردبوو بۆ دەربەندی كۆڕێ. هەتا ئەو كات هێشتا رێوشوێنی پێویست نەگیرابووە بەرو دابەشكردنی ئەركەكان تەواو نەكرابوو كە هێزەكانی عێراق لە مەسیف بەرەو كۆڕێ شۆر بوونەوەو بەرەو دەربەندی كۆڕێ كەوتنە ڕێ.

سەرەتا 24 چوار پێشمەرگەی هێزی بارزان لەدەربەندی كۆڕێ بوون ئەوانیش مەردانە دەست و بازوویان هەڵكرد و سەروەری و سەركەوتنێكی گەورەی مێژووییان تۆماركرد.دوای شەڕێكی قورس و دەستەو یەخە، خوای گەورە دەرفەت و یارمەتی داین،دوای دوو كاتژمێر لەشەڕەكەدا هێزەكانی رژێم بەشێوەیەك شكان، كە ئەوان هەر بەخەیاڵیشیاندا نەهاتبوو ،ئێمەش پاش ئەو هەموو داڕووخان و بێهیواییە چاوەڕێی سەركەوتنێكی لەم چەشنەمان دەكرد.

هەروەها سەرۆك بارزانی دەشڵێت: ئەم داستان و سەركەوتنە مێژووییە، هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و بووە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی خەڵكی كوردستان ،پاش ئەو سەركەوتنەی پێشمەرگە ،بارودۆخەكە بەتەوای گۆڕانی بەسەردا هات.

Back to top button