ساسان عەونی: لەمڕۆوە ئەو بەڵێنەی كە سەرۆكی حكوومەت بە خاوەنزەوییەكانی 8ی حەسارۆكی دا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای گەلیاوە بە گوژمەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار گرێبەستی دروستكردنی شەقامی 60مەتری و ئاوەڕۆی سندوقی و ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ گەڕەكی هەشتی حەسارۆك لە شاری هەولێر واژوو كرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە 21/8/2022 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون، گرێبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ بۆ كەرتی هەشتی حەسارۆك لەنێوان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای گەلیاوە واژوو كرا. دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا ناوەڕۆكی گرێبەستەكە و وردەكاری پرۆژەكانی بۆ میدیاكان خستەڕوو.
لە بەشێكی قسەكانیدا ساسان عەونی ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكار، گرێبەستی جێبەجێكردنی شەقامی 60مەتری و ئاوەڕۆی گەڕەكی هەشتی حەسارۆكمان واژوو كرد. گوتیشی: لەمڕۆوە ئەو بەڵێنەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خاوەنزەوییەكانی هەشتی حەسارۆكی دا بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە ئەو گەڕەكە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و خزمەتگوزارییەكی زۆر باش جێبەجێ دەكرێت.
سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكە و ناوەڕۆكی گرێبەستەكەش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: گرێبەستەكەی ئەمڕۆ بۆ دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی شەقامی سەرەكییە لە شەقامی لاوانەوە تا پێنجی حەسارۆك دەگرێتەوە، كە پێشتر چەندین كاری دیكەش لە هەشتی حەسارۆك كراوە، وەك دیزاینكردنی ئاوەڕۆكان و دیزاینی سەرەبلۆكەكان و لێدانی چوار بیی ئاوی خواردنەوە، هەروەها ئەو شەقامە 60مەترییەی ئەمڕۆكە گرێبەستەكمان واژوو كرد و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، بە بڕی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت و لە ماوەی 110 ڕۆژ، واتە پێش سەری ساڵ كۆتایی دێت. سەبارەت بە درێژایی شەقامەكە گوتی: درێژیی شەقامەكە نزیكەی سێ كلیۆمەترە، دووسایدە و هەر سایدەی شەست مەترە و ئاوەڕۆی سێ مەتر بە سێ مەتری هەیە. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پیرۆزبایی لە خاوەنزەوییەكانی هەشتی حەسارۆك كرد و ئاماژەی بەوەش كرد ئەوان ماوەی 18 ساڵە چاوەڕێی خزمەتگوزارین و ئەمڕۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بەڵێنەی كە داویەتی دەیباتە سەر و پرۆژەی خزمەتگواریان بۆ جێبەجێ دەكات. هەروەها بە دەرفەتی دەزاین ئاماژە بەوە بكەین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەر شار و شارۆچكەیەك كە پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە درێغی ناكات و سەرەڕای هەر بارودۆخێك بەڵام بۆ ساتێكیش لە گەیاندن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان نەوەستاوە و ناوەستێت، چونكە بە بڕوا و ئیرادەوە خزمەتی خەڵكی خۆمان دەكەین.
پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لە گرنگی پرۆژەكە و گرێبەستەكە كرد و ئاماژەی بەوە كرد، هەنگاوە كردارییەكانی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەشتی حەسارۆك دەستپێدەكات و دڵینیاییشی دایە هاووڵاتییانی شاری هەولێر كە لەژێر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو گەڕەكە و شوێنەكانی دیكەش بەردەوام دەبێت.
هاوكات ساسان عەونی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هیوای خواست كە كۆمپانیای جێبەجێكار لە وادەی خۆیدا و بە باشترین شێوە كارەكانی پرۆژەكە تەواو بكات و دڵنیاییشی دایە خاوەنزەوییەكان كە خزمەتگوزارییەكان بەردەوام دەبن.