سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی كارەبا دەکات

لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئاب، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد و لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، پێشوازی لێ کرا.

پاشان سەرۆکی حکومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کارەبای کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کارەبا، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و پلانەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد کە پاڵپشتێکی بەهێزی وەزارەتی کارەبایە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.

وەزیری کارەبا، هەنگاوەكانی چاكسازیی و باشكردنی ژێرخانی كارەبا و نەهێشتنی سەرپێچی و باشتركردنی داهات و پێوەری زیرەكی خستەڕوو.

دواتر سەرۆکی حکومەت، لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە کارمەندانی وەزارەتی کارەبا کرد کە توانیویانە بەهۆی ئەنجامدانی هەندێک چاکسازییەوە، لە ڕووی بەهەرمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبادا، پێشکەوتنی باش بە دەست بهێنن، بەڵام هێشتاش کەرتی کارەبا، پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، خزمەتی هاووڵاتییان بکات ، لەم ڕووەوە سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد، هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ و پلان و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت کارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان بدرێت ، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە هاووڵاتییانیش، هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن.

سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە، کە بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتییان ، دەبێ ڕێگری لە هەموو بەهەدەردانێکی کارەبا و زێدەڕۆیی بۆ سەر کەرتی کارەبا بکرێت و پێویستە هاووڵاتییان هاوکاری خۆیان و حکومەت بکەن، لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی رسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حکومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە کابینەی نۆیەم ، بە هیچ شێوەیەک هیچ باج و رسوماتێکی لە سەر هاووڵاتییان زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا ئەو باج و رسوماتەی هەیە ڕێکیخستووەتەوە. گوتیشی ئەرکی سەرەکی ئەم کابینەیە ، خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بە بێ جیاوازی.

سەرۆكی حكومەت خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەزارەتی كارەبا، ڕووی لە بنیاتنانی چەند پڕۆژەیەكی كارەبا کردووە بە وزەی خۆر، داواشی كرد زیاتر گرنگی بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی جێگرەوە و پاك و ژینگەدۆست بدرێت.

Back to top button