مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی ڕووداوی مه‌زارگه‌كه‌ی كه‌ربه‌لا: داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ن بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌ر هاوكارییه‌ك

 

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ڕووداوی مه‌زارگه‌كه‌ی پارێزگای كه‌ربه‌لا تویتێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماده‌یی داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌ر هاوكارییه‌ك نیشان دا.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تویته‌كه‌دا ڕایگه‌یاند “به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی داڕمانی گردێكمان له‌سه‌ر مه‌زاری‌ قه‌تاره‌ی ئیمام عه‌لی له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا پێ گه‌یشت، كه‌ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدان و برینداربوونی چه‌ند هاووڵاتییه‌ك و هه‌روه‌ها گیرخواردنی به‌شێكی دیكه‌ش له‌ژێر پاشماوه‌كاندا”.

مه‌سرور بارزانی ڕاشیگه‌یاند “پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردووان ده‌كه‌ین و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین”.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا” هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌كانییه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو جۆره‌ پاڵپشتی و هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتییانی گه‌له‌كه‌مان له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لای پیرۆز بكات”.

جێی باسه‌ دوێنێ شه‌موو له‌ قه‌تاره‌ی ئیمام عه‌لی كه‌ شوێنێكی پیرۆزی مه‌زهه‌بی شیعه‌كانه‌ و ده‌كه‌وێته‌ دووری 30 كیلۆمه‌تر له‌ باشووری پارێزگای كه‌ربه‌لا، گردێك داڕما و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندان سه‌ردانیكه‌ری مه‌زارگه‌كه‌ كه‌وتنه‌ ژێر خۆڵ و پاشماوه‌كان و بریندار و گیانیان له‌ده‌ست دا، هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه‌ش تا ئێستا گیریان خواردووه‌ و تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانیش له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ رزگاركردنیان به‌رده‌وامن.

Back to top button