ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی رووبەڕووی ئێران دەبنەوە
خواكوڕك
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ جەخت لەسەر كردنە دەرەوەی ئێران لە سووریادا دەكەنەوە، ئەوەش بۆ لاوازكردنی پێگەی ئێران لە ناوچەكەدا بە گرنگ دادەنێن. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، ئەمریكا داوای هاوئاهەنگییەكی بەهێز دەكات لەنێوان هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، لەوانەش سعودیە، میسر، ئوردن، ئیسرائیل و ئیمارات.
ئەوەش دوای ئەوە راگەیێنرا كە سێشەممەی رابردوو محەممەد بن سەلمان، كوڕی پاشا و وەزیری بەرگریی سعودیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەوە, راوێژكارێكی محەممەد بن سەلمانیش رایگەیاندبوو، دوو تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان بوون لەوانە رووبەڕووبونەوەی هەڕەشەكانی ئێران و چارەسەری قەیرانی سووریا بوون.
هەروەها نیكی هالی، باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت “ناكرێت چیدیكە سووریا ببێتە لانەی تیرۆریستان. دەبێت دڵنیابین لەوەی ئێران و هەموو هێزەكانی سەر بەو وڵاتە لە سووریا نامێنن. پێویستە دڵنیابین سنووری سووریا بۆ هاوپەیمانانمان سەقامگیرە”. دەشلێت:” بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ جەخت لەسەر كردنە دەرەوەی ئێران لە سووریا دەكەن؛ هەنگاوێك كە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئێران لە ناوچەكەدا.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، ئەمریكا داوای هاوئاهەنگییەكی بەهێز دەكات لەنێوان هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، لەوانەش سعودیە، میسر، ئوردن، ئیسرائیل و ئیمارات, هاوئاهەنگیەكە بە جۆرێكە لە شێوەیی ئاستی دروستكردنی رێكخراوێكی هاوشێوەی ناتۆ، كە هاوئاهەنگی تەواو لە نێوانیان هەبێت بۆ رووبەڕووبونەوەی ئێران.
هاوكات ئیسرائیلیش دەیەوێت رووسیا رۆڵی ئێران لە سووریادا نەهێڵێت. بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە كۆبوونەوەی رۆژی 9ی ئەم مانگەدا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆككۆماری رووسیا جەختی لەسەر ئەو خاڵە كردەوە.