هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە شەڕی یەكێتی و بزووتنەوەی ئیسلامیدا
سەرۆك بارزانی لە لاپەڕە 224 تا 226ی بەرگی پێنجەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد. راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) كە تایبەتە بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی ساڵانی 1991 تا 2002، باس لە هەڵگیرسانی شەڕی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان دەكات و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات، رۆژی 22ی كانوونی یەكەمی 1993، شەڕ لەنێوان یەكێتی و بزووتنەوە زۆر بە توندی دەستی پێ كرد، بۆ ڕۆژی 25ی هەمان مانگ بزووتنەوە بە تەواوی شكا.
لە بەشێكی گێڕانەوەی ڕووداوەكانی شەڕەكەدا، سەرۆك بارزانی هەروەها نووسیوویەتی:” لە پاش گیرانی بارەگای سەرەكیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە بێتواتە (سنووری رانیە)، ”شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی رابەری بزووتنەوە یەخسیر كرا.“
لەو کتێبەدا سەرۆک بارزانی هەروەها نووسیوویەتی: ”داوام لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كرد كە هیچ بێڕێزییەك بە مەلا عوسمان نەكرێت و بینێرنە لای من. مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رازی بوون، بەڵام جەبار (جەبار فەرمان) رەتی كردەوە مەلا عوسمان بنێرێتە لامان، دواتر بە برووسكەیەك جەبارم ئاگادار كردەوە كە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی رێك كەوتووین، پێویستە مەلا عوسمان بنێرێتە لامان، ئەگەر نەینێرێت، هەموو بەرپرسیارێتییەك لە ئەستۆی خۆتە، كۆسرەت ڕەسووڵ و ئەحمەد چەلەبییش ڕۆڵێكی باشیان هەبوو لەمبارەیەوە.“
هەر لەو كتێبەدا سەرۆك بارزانی ئاشكرای كردووە كە لە لایەن جەبار فەرمانەوە سووكایەتی بە مەلا عوسمانی رابەری بزووتنەوە كراوە و نووسیویەتی: ”شەوی 28 لەسەر 29ی كانوونی یەكەمی 1993، مەلا عوسمان بە خۆی و منداڵەكانییەوە گەیشتە مەسیف سەڵاحەدین، ئەوەی ڕاستی بێت بۆ چەند ڕۆژ لە ڕووم نەهات سەردانی بكەم بۆ دڵدانەوەی، شەرمم لە ڕیشە سپیەكەی دەكردەوە و هەروەها بەهۆی ئەو سووكایەتییەی جەبار فەرمان پێی كردبوو. بۆ من زۆر قورس بوو كەسێكی وا بەڕێز و خاوەن كەسایەتی، سووكایەتیی پێ بكرێت.“