سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئاب، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.

لە دیدارەکەدا کە نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسولی گشتی ئێران لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بەتایبەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ و گەشتیاری لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، تاووتوێ کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و کێشەی کەمئاوی لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن و سوود وەرگرتنی هاوبەش لە سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوولا کرا.

Back to top button