مەسرور بارزانی، سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری خستە کار و بووە خاوەنی یەکەم مۆڵەتی شوفێریی ئەلیکترۆنی

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر و بۆ یەکەمجار لە کوردستان سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری دەخرێتە کار.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وردەکاری سیستمی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی کۆڵییەوە و لەلایەن بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر زانیاری لەبارەی سیستەمەکە خرایەڕوو.

مەسرور بارزانی، لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و جێبەجێکار کرد و گوتی: “ماوەیەکە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەم کارە خزمەتگوازییە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدەن، کە ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ کۆکردنەوەی داتای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لەمەودوا هەم دەتوانین مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە ئەلیکترۆنی ئەنجامبدەین. هەمیش ئەو سیستەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی دیکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدرێن”.

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: “ئەوەی بینیم و کراوە، ئێمە لە شێوازی بەکارهێنانی کاغەز و رۆتینێکی دوور و درێژ، گەیشتین بەوەی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و خێرا کارەکان ئەنجامبدەین، کە ئەمەش جێی دەستخۆشی و ئومێدە، قۆناغێکی نوێ و سەردەمیانەیە، بۆ ئەوەی لەمەودوا کاروباری هاووڵاتییان بە ماوەیەکی خێراتر و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدرێن، دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە کاریان لە سیستەمەکەدا کردووە و پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەم”.

Back to top button