لیزا كاكەیی: كەمبوونی داهاتی باشماخ بەهۆی جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكوومەتە

ئەندامێكی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، رایدەگەیێنێت :” كەمبوونی داهاتی باشماخ بەهۆی جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكوومەتە.”

 

لیزا كاكەیی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ، لە نووسینێکدا کە لە پەیجی فەرمی خۆی بڵلاویکردۆتەو تێدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە بانگەشەی كەمبوونەوەی داهات لە دەروازەی سنووریی باشماخ دەكەن و هۆكارەكانی كەمبوونەوەی داهاتەكە ئاشكرا دەكات نوسیوویەتی: ”پێش چەند ڕۆژێک، ژووری بازرگانیی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشدارییان دا کە ئەگەر دۆخی دەروازەی باشماخ ڕێک نەخرێتەوە، بازرگانەکان ناچار دەبن ڕوو لە دەروازە سنوورییەکانی دیکە بکەن و کۆتایی بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان لە ڕێگەی خاڵی سنووریی باشماخەوە بهێنن.“

ئەوەشی نووسیووە کە: ”زیادبوونی ڕێژەی داهات لە حاجی ئۆمەران بەهۆی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، ئامانجیش کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری و ڕۆتینیات بووە لە خاڵە سنوورییەکان و تا ئێستا پڕۆسەکە بەردەوامە و سەرکەوتوو بووە. بەڵێ زیادبوونی داهات لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئەم کابینەیە و ئەگەر لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان ڕاسپاردەکان وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرا، بێگومان جووڵە بازرگانییەکانی باشماخ دەبووژایەوە و داهاتیش دوو بەرامبەر زیادی دەکرد.“

لە كۆتایی نووسینەکەشی لیزا کاکەیی رایگەیاندووە: ”هیچ وڵاتێک و هیچ بازرگانێک ئامادە نییە ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ خاڵێكی سنووریدا بکات کە پابەند نییە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی حکوومەتەکەی، سەقامگیری و سەروەریی یاسا، دوو فاکتەری کاریگەرن کە بازرگان بەدوایدا دەگەڕێت و لە هەر کوێیەک دۆزییەوە، ڕوو لەوێ دەکات، بۆیە باشتر وایە خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەم بابەتە نەکرێت و بە هێنانەوەی بیانووی جیاواز، ڕاستی و دروستیی بابەتەکە بەلاڕێدا نەبردرێت.“

Back to top button