بە فەرمانی مەسرور بارزانی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ خاوەن زەوی کەرتى 8ى حەسارۆکان دەرچوو

دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییانی خاوەن زەوی کەرتى 8ى حەسارۆکان چیتر لە چاوەڕوانیدا نامێننەوە، و بڕیاری گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەم گەڕەکە دەرچووە و ئەمساڵ لە کەرتی 8ی حەسارۆک سێ پڕۆژەى گەورە جێبەجیکراون.

گەڕەکی 8ی حەسارۆک لە پێنج هەزار دۆنم پێکهاتووە کە ئەمەش ڕووبەرێکی فراوانە، شەقامەکانی ئەم گەڕەکە 12، 15، 30، 40 و 60 مەترین و تێکڕای هەموویان بە شەقامە سەرەکی و شەقامەکانی نێو گەڕەکەکە نزیکەی 210 کیلۆمەترە.

ئەمساڵ لەو گەڕەکە سێ پڕۆژەى گەورە دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە بەمشێوەیەى خوارەوە:-

یەکەم/ خۆڵکاریی شەقامەکانی 40 مەترى و 60 مەتری، کە لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی و لەسەر داهاتی 15٪ی سەرۆکایەتی شارەوانی جێبەجێ کراوە.

دووەم/ جیاکردنەوەی سەرە بلۆکەکان و پڕۆفایل و دیزاینکردنی گشت سێکتەرەکانی کەرتەکە، کە شەقامە سەرەکی و ناوخۆییەکان و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا دەگرێتەوە، ئەو پڕۆژەیەش بە شێوەی بەڵێندەرایەتی لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر جێبەجێ کراوە و ئێستا خاوەن زەوییەکانى 8ى حەسارۆکان دەتوانن لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتى شارەوانی 4 ڕێگەپێدان وەربگرن و دەست بە دروستکردنی خانووەکانیان بکەن.

سێیەم/ گەیاندنی خزمەتگوزاری ئاوەڕۆ و شەقام بۆ کەرتى8ى حه‌سارۆكان بە شێوەی قۆناغ، پێشتریش چوار بیری ئاو لە 8ی حەسارۆکان لێدراوە بۆ چارەسەرى ئاو، ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی 37 ملیار دینار بۆ پڕۆژەى سێیەم داوە.

دوای سەردانی سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کەرتی 8ی حەسارۆک، لە ماوەی ساڵێک توانرا سێ پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ بکرێت کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرینگە، چونکە ماوەی 18 ساڵ بوو خەڵکی چاوەڕێیان دەکرد، بەڵام لە ماوەی یەک ساڵ سێ پڕۆژەی گرینگ لەم گەڕەکە کەوتە بواری جێبەجێکردن کە دوو پڕۆژەیان تەواو بوونە و ئەوەی سێیەمیشیان لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێت.

Back to top button