پارتى و هاوپەیمانیی سەروەرى بەبێ سەدر بەشداریى دیالۆگى نیشتمانى ناکەن
پارتى و هاوپەیمانیی سەروەریى سوننەکان، لایەنە سیاسیەکانى دیکەیان ئاگادارکردووەتەوە کە بەبێ بەشداریى نوێنەرى رەوتى سەدر بەشدارى لە دیالۆگى نیشتمانیدا ناکەن، لەکاتێکدا پێشنیازێک هەیە بۆ ئەوەى شاندێکى لایەنە سیاسییەکان بنێردرێتە نەجەف بۆ ئەوەى لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر کۆببێتەوە.
رۆژی 25ى ئابى 2022، ئەو کۆبوونەوەیەى سەرکردە سیاسییەکان دواخرا کە بڕیاربوو لە بەغدا بکرێت بۆ هێنانە کایەى دیالۆگى نیشتمانى بۆ چارەسەرى کێشە سیاسییەکانى ئێستا.
دواخستنى ئەو کۆبوونەوەیە بۆ کاتێکى نادیار، هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزتربوونى پەیوەندیى نێوان هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ رەوتى سەدر، لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و شێوازى ئەو هەنگاوە، ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەى کە هەندێک لایەن مەرجى بەشداریکردنیان لە گەڕى دووەمى ئەو کۆبوونەوەیە، بەشداریکردنى نوێنەرى رەوتى سەدر بێت، کە لە کۆبوونەوەى یەکەمدا لە 17ى ئاب کورسی نوێنەرى ئەو رەوتە بەتاڵ بوو