هەولێر دەبێتە خاوەنی یەکەم سندووقی وزەی هایدرۆجینیی سەوز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
قەبارەی سەرمایەی سندووقەکە 500 ملیۆن دۆلارە و ئامانج لە هەڵبژاردنی هەولێر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شارێکی گرنگی ستراتیژییە
یەکەمین سندووقی وزەی هایدرۆجینیی سەوز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر دادەنرێت، ئەو وێستگەیە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی نوێی وزە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە دەڵێت.
کریستۆفەر ئەندێرسن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گرین هایدرۆجین کەپیتاڵ لە هەڤپەیڤینێکی بۆ ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان ، باس لەوە دەکات ، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە بنچینەی کۆمەڵگەیەکی نوێی دارایی لە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گرین هایدرۆجین کەپیتاڵ گوتیشی کە بۆ هەرێمی کوردستان “ئێمە دەبینە بنچینەی کۆمەڵگەیەکی نوێی دارایی.” باس لەوەش دەکات کە سوودی ئەم سندووقە بۆ خەڵكی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە “ژمارەیەک خەڵک بە مووچەیەکی بەرز دادەمەزرێنین.”