مۆكری نیوز:ئه‌مریكا دوای داعش پاڵپشته‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی كوردستان.

خواكوڕك

لە شرۆڤەیەکی پێگەی مۆکری نیوزدا هاتووە” ئەمەریکا  بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ دیالۆگ لەگەڵ بەغدادا بکەن، نێوەندگیری دەکات و دوای کۆتاییهاتنی قۆناخی داعش، ئەمەریکا پاڵپشتیی سەربەخۆییی کوردستان دەکات.

پێگەی جوگرافیایی هەرێمی کوردستان بەلای شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتییەوە بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر گرینگە. پێگەی مۆکری نیوز سەبارەت بە ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە شرۆڤەیەکدا نووسیوویەتی” هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا لەسەر جوگرافیایەک هەڵکەوتووە، کە بۆ ئەمەریکا و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر گرینگە، لە لایەکی ئێران و تورکیا و، لە لایەکی عێراق و سوننەکان و، لە لایەکی دیکەیشییەوە سووریایە. کوردەکان پێیان باش بوو، کە (دۆنالد ترەمپ) بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا و ئێستاش دەیانەوێت ئەمەریکا خاوەنی سەرۆکێکی بەهێز بێت، بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات. ئێستا بۆ گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بەتایبەت کە داعش بەرەو کۆتایی دەچێت، کوردەکان باوەڕیان وایە، ئەمەریکا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت و دۆستەکانی دەستنیشان دەکات، کەچی پێشتر هەموو لایەک باوەڕیان وابوو، کە ڕۆڵێ ئەمەریکا لە ناوچەکەدا تەنیا بۆ سەقامگیریی سیاسییە. هەڵبەت دۆخەکە بۆ عەربەکانی عێراق جودایە، چونکە هەندێک عەرەبی عێراق وای دەبینین، کە ئەمەریکا نەیتوانیوە لە عێراقدا نفووزی هەبێت.

دەربارەی حوکمڕانیی ئێستای عێراق لە شرۆڤەکەدا وا ده‌ستنیشان كراوه‌” کە ئێستا جگە لەو شیعانەی حوکمڕانی دەکەن، تەواوی عێراقییەکانی دیکەش لەو سیاسەتەی عێراق نیگەرانن، چونکە هەست ناکەن، لە حکومڕانیدان و کێشەکانیان چارە دەکرێت. کوردەکانیش پێیان وایە، ئەمەریکا دێتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی لەو کاتەدا کە سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان لەگەڵ بەغدا دیالۆگ دەکەن، نێوەندگیرییان بکات، تا ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت.

بەگوێرەی شرۆڤەی پێگەکە كه‌ باسی لیوه‌كردوه‌”وەک چۆن لە ساڵی ١٩٩١دا ئەمەریکا پشتی کوردی گرت و هەرێمی کوردستان سنووری خۆی بۆ دیاری کرا و، لە ساڵی ٢٠٠٣شدا ڕۆڵی کورد لە جەنگی ئەمەریکا دژ بە ڕژێمی بەعسدا یەکلاکەرەوە بوو، هەروەها ساڵی ٢٠١٤ش جارێکی دیکە ئەمەریکا هاتە سەرهێڵ و پشتی کوردی گرت، ئێستاش بۆ سەربەخۆییی کوردستان، وەها چاوەڕوان کراوە، کە ئەمەریکا لەدوای قۆناخی تەواوبوونی داعش پشتی کورد بگرێت، بۆ ئەوەی سەربەخۆییی خۆیان ڕابگەیەنن.

 

Back to top button