شاخه‌وان عه‌بدوڵا داوای جێگیركردنی لیوای هاوبه‌ش له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك ده‌كات

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ داوایی له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد، په‌له‌ بكه‌ن له‌ جێگیركردنی لیوایه‌كی هاوبه‌شی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك، چونكه‌ دۆخی ناوچه‌ كوردییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممە 31ی ئاب، شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، بە ماڵپەری”شه‌فه‌ق نیوز”ی راگەیاندووە، گوتوویه‌تی، دۆخی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ڕووی ته‌ناهییه‌وه‌ زۆر خراپه‌، بۆیه‌ داوای له‌ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ته‌ناهی كرد كه‌ زۆر گرنگه‌ لیوایه‌كی هاوبه‌شی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك جێگیر بكرێ و دۆخی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا زیاتر گوتوویه‌تی، هاووڵاتییان و جووتیاران و به‌تایبه‌تی كورده‌كان، به‌رده‌وام تووشی هێرش ده‌بنه‌وه‌ و پلان هه‌یه‌ بۆ ده‌ركرنیان له‌ ناوچه‌كانیان و ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیاندا ده‌گیرێت، به‌تایبه‌تی له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك، ئه‌وه‌یش به‌هۆی لاوازیی هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ زۆرینه‌یان كوردن.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌و پرسه‌ ده‌ڕوانێ و به‌لایه‌وه‌ مایه‌ی پرسیاره‌ كه‌ بۆچی جێگیركردنی لیوایه‌كی هاوبه‌شی سوپا و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ دوا كه‌وتووه‌، له‌ كاتێكدا پێشتر رێككه‌وتن له‌باره‌یه‌وه‌ كراوه‌، كه‌چی ئێسته‌ هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ زۆر بووه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌ هاووڵاتییان و جووتیارانی ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت.

 

 

 

Back to top button