۳۱ـی ئاب، قەوانی کەواسوورەکانی بەر لەشکر

 

 

لە ٦۳ـوە تا ۹٦ زیاتر لە ٦ تا ۷ جار و  بگرە زۆر زیاتریش، لە لایەن حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق بەکار هێنراون و کەواسووری بەر لەشکر بوونە بۆ لێدان لە دۆزی کورد و بوونەتە جاشی عێراق، کەچی کاتێک لە گێڕانەوەی مێژوو دەگەنە ئەو قۆناغانە، بەسەریدا باز دەدەن و تەنها ۳۱ـی ئابییان لە بیرە!

 

(ئیسماعیل تەها نعیمی/ ئامیر فرقەی ٤ـی کەرکوک لە ساڵی ۱۹٦۸ تا دوای ڕێکەوتنی ۱۱ـی ئازار) لە نامیلکەیەک (تجربتي في القیادة) باس لە ڕۆڵی (جەلال تالەبانی، علی عەسکەری و عومەر دەبابە) دەکات لە هاوکاری سوپای رژێم بۆ لێدان لە پێشمەرگە، کە بە (موالیین)ناویان دەبات.

 

ناوبراو دەڵێت: لە بەرەی پشدەر و بتوین (العصات / کە مەبەستی پێشمەرگەیە) بەرگرییەکی بێ وێنەیان دەکرد و ڕێگرییان لە پێشڤەچوونەکانی سوپا دەگرت. ڕۆژێکیان عومەر دەبابە کە دواتر بارزانی لە گفتوگۆکانی ساڵی ۱۹۷٠ بە عومەر تەنەکە ناوی دەبرد، لەگەڵ عەلی عەسکەری هاتنە لامان و گوتییان: دەزانی هۆکاری ئەو بەرگریییەی پێشمەرگە چییە؟ گوتم: نەوەلا؟ ئەوان (عومەر و عەلی) گوتییان: چونکە فڕۆکە باش (العصات/ پێشمەرگە) بۆردوومان ناکات و لێیان نادات!

منیش بانگی ئامری هێزی ئاسمانیم کرد، گوتم: بۆ باش لە پێشمەرگە نادەن؟

ئامری هێزی ئاسمانی گوتی:شتی وا نییە بە هەموو هێزمان بۆردوومانیان دەکەین.

پێم گوت: ئەی بۆ عومەر و عەلی دەڵێن:  باش  لێیان نادەن؟

ئامرەکە گوتی: با بێن لەگەڵ فرۆکەکان سەرکەون و ئەوان ئامانجەکەیان بۆ دیاری بکەن.

 

 

بانگی عومەر و عەلی عەسکەریم کرد کە بە ڕاستی هەر سێکیان ئەوان و مام جەلال سێ فەوجیی مەوالییەکانیان لەگەڵ بوون زۆر باش هاوکارمان بوون و شەڕی چاکییان دەکرد، و پێم گوتن: دەتوانن لەگەڵ فڕۆکەکان سەرکەون و ئەو ئامانجانەی کە ئێوە دیاری دەکەن فڕۆکە لێیانی دەدات؟

 

 

گوتییان: بەسەر چاو.

دوای ئەوەی لەگەڵ فڕۆکەکان سەرکەوتن و گەڕانەوە لام گوتییان: سەیدی ئەدی نەمان گوت ئەوان پێشمەرگە بۆردومان ناکەن؟

گوتم: چۆن؟

گوتیان: لێیان نادەن. منیش بەرم وەرگێڕایە لای ئامری هێزی ئاسمانی و پێم گوت: بۆ لێیان نادەن؟

ئامری هێزی ئاسمانی گوتی: ئاخر گەورەم ئەوان دەیانگوت: دەبێت ژن و منداڵ و مەڕ و مالاتی خەڵکیش بۆردومان کەین؟

گوتم: عومەر ڕاستە واتان داوا کردووە؟

گوتی: بەلێ گەورەم!

گوتم: ئاخر چۆن دەبێت ژن و منداڵ و مەڕ و مالات بۆردوومان بکەین؟

عومەر دەبابە و عەلی عەسکەری گوتییان : بۆ نابێت ئەوانیش موڵکی پێشمەرگەن و هیچ جیاوازییان لەگەڵ ئەواندا نییە؟؟

 

 

ئەو هەموو نۆکەرایەتییەیان لە بیر کردووە و تەنانەت لە دوژمنەکانیشمان بێ بەزەیی تر بوونە بۆ لێدان لە کورد و پێشمەرگە وباسی ناکەن، کەچی سەری زمان و بنی زمانیان ۳۱ـی ئابە؟! ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ۳۱ـی ئاب پارتی نەبووە نۆکەری ڕژێم، بەڵکو بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کورد رژێمی بەکار هێنا بۆ دەرکردنی ئیران و یەکێتی لە هەولێر.  جا نازانم بۆ ئەوەندە پێیان ناخۆشە، ئایا لەبەر ئەوەیانە کە ئاغاکەیان بوویتە جاشی پارتی؟ یان لەبەر ئەوەیانە لە ۳۱ـی ئاب پارتی خەونی ئەوان و ئیرانی لە گۆڕنا؟

 

قەهرەمان عوسمان

Back to top button