٣١ی ئاب و وەرچەرخانێک لەمێژووی حوکمڕانیدا

 

شەڕی نەگریسی ناوخۆ مێژووێکە لە یادەوەری کوردیدا، بە شەرمەوە بە قسەت دەهێنێ. زۆربەی کۆمەڵگە سیاسییەکانی جیهان بەم مێژووەدا تێپەڕیوون، کەواتە دیاردەیەکی ناتەندرووستی جیهانیە.

ناچینە سەر وردەکاری رووداوەکانی شەڕی ناوخۆ و پاڵاوان و دۆڕاو و زاڵم و زوڵم لێکراوی تێدا نیە، تەنها چەند کۆدێکی پشت ٣١ی ئاب باس دەکەین.

لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان

بەپێی رێکەوتنی جنێڤ دوو، سیادەی دەوڵەتەکانی دوای شەڕی جیهانی دووەم، لەلایەن مەرکەزەوە پارێزراو دەبن. دەست تێوەردانی کێشە ناوخۆییەکان لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە پەسەند نیە.

بەپێی ئەم خاڵانە بێت زرێپۆشەکانی لەشکری ئەوکاتی حکوومەتی بەعس شەرعییەتداربوون بۆ دەرکردنی شاڵاوی سوپای پاسداران و وەدەرنانی هێزی بیانی لە ناو سیادەی دەوڵەتدا، چوونکە هەرێمی کوردستان تەنها مانەوەی پشت بەستنبوو بە مادەی (٦٨٨)ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەی ئارام.

٣١ی ئاب وەڵامێک بوو بۆ پاشەکشەکردنی دەست تێوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ. کەواتە ٣١ی ئاب توانی سیادەی دەوڵەتێک بپارێزێت کە هەمان لایەنی سیاسی کوردی ساڵی ٢٠١٧ شەڕی پاراستنی سیادەکەی کرد لە دژی دەنگی گەلی کوردستان.

لایەنی ناوخۆیی و حوکمڕانی

٣١ی ئاب ژیانی مەدەنی و حوکمڕانی مووئەسەساتی گەڕاندەوە بۆ بەشێکی گرنگی هەرێمی کوردستان و لە دەستەڵاتی مافیاگەرییەوە بۆ دەستەڵاتی مووئەسەساتی گەڕاندەوە. با هەولێرییەکان جیاوازی پێش ٣١ی ئاب و دوای ٣١ی ئاب بکەن. ئەوکات لەوە تێدەگەین ئەم پێگە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەی ئێستای هەولێر لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.

لێرەوە نەفرەت لە شەڕی ناوخۆ دەکەم، چونکە ئێمە یەکێک بووین لەو بنەماڵانەی کە زیانی ئەو شەڕە رەشپۆشیکردین و لە زێدی باوباپیرانمان و دۆستانمان دووری خستینەوە. لەلایەکی دیکەشەوە پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکەم بۆ  گەڕانەوەی سەروەری ناوخۆیی و ٣١ی ئاب بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ حووکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.

ئێمە لە ٣١ی ئاب حکوومەتی بەعسمان کردە جاش و کوردستانمان پێ پاککردەوە و زرێپۆشەکانی بەعسمان ناردنەوە کولانەکەی خۆیان. ئەوانیش ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامدا و خاک و نەتەوەیان بە میلشیاکان فرۆشتوو دڵی کوردستانیان لە لێدان خستوو دەوڵەتی کوردستانیان لەناو برد.

 

سەنگەر شەهید سەردار

Back to top button