٣١ی ئاب، رووداوەکان بە بەڵگەو دیکۆمێنت.

 

بەروار ٢٨ی حەوتی ١٩٩٦ە لەناکاو کارەبای تەواوی سلێمانی دەبڕێت، کەس نازانێت ھۆکار چی یە، رۆژی دواتر ھەواڵ دەگات و دەڵێن لەبارەگاکانی حزبی دیموکرات دراون!

 

پرسیار دەکرێت کەکێ ئەم ھێرشانەی ئەنجامداوە؟ کەس وەڵام ناداتەوە. تا رۆژێک دواتر و بە دیاریکراوی لە کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی دوای نیوەڕۆ پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردار کازمی و ئەو پاسدارانەی لەگەڵیدان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئێران لە سنووری حاجی ئۆمەران دەستگیر دەکەن.

 

وەك كریس كۆچێرا لەكتێبەكەی خۆی بەناوی ( بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد و ویستی سەربەخۆیی) لەبارەی قەبارەی ئەو هێزەی ئێران دەڵێت(سەدان كامیۆنی تۆپهەڵگری ١٣٠ملم و 150 ملم دەیان موشەكی جۆراوجۆری كاتیۆشا و دەیان موشەكی حوسێن بە مەودای 120 كلم) وبەهاوكاری 300 پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو هێرشەیان ئەنجامدا.

دوای ئەوەی ئەم ھێزەی پاسداران ویستی لە رێگەی ناوچەكانی ژێر دەستی پارتی بگەڕێتەوە سنوورەكانی ئێران، پارتی رێگەی لێگرت وھەمووانی قۆڵبەست كرد، ئەمەش وایكرد سەردار كازمی كە فەرماندەی سوپاكە بوو لە پارتی تورە بێت و دواتر ھێزی زیاتری بۆ پشتگیری یەكێتی ڕەوانە كرد.

 

ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی 1996 جەولەیەكی دیكەی شەڕی ناوخۆ لەنێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێكردەوەو یەكێتی بەهاوكاری سوپای پاسدارانی ئێران زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی گرت. بە هاوكاریی پەكەكە بەرەیەكی بەرفراوانی شەڕیان لە دژی پارتی كردەوە،پەكەكە لە بادینان و یەكێتیش بە ھاوكاری ئێران  لە سۆران بڕیاریاندابوو كۆتایی بە پارتی بێنن.

 

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی كوردستان، لەبەرگی چوارەمی كتێبەكەی بەناوی (رۆژ ژمێری پێشمەرگەیەك) بەوردی باسی روداوی 31 ی ئاب دەكات. ئەو دەڵێت“پارتی زۆر شپرزە ببوو، هێزەكانیان زۆری لەبەر یەك هەڵوەشابوو، هێزەكانی پارتی لەپەلوپۆ كەوتبوون شەڕیان پێنەدەكرا، چونكە تۆپخانەكانی ئێران بە هاوكاری و رەسەدی یەكێتی بەخەستی تۆپبارانی هێزەكانی پارتیدەكرد، لەسنوری سیدەكان و حاجی ئۆمەران“.

 

لە كۆڕێكدا نەوشێروان مستەفا كە ئەوكات سەركردایەتی چەند بەرەیەكی شەڕی دەكرد دەلێت:“تۆپخانەكانی ئێران ھێزێكی ٧٠٠ كەسی پارتیان تۆپباران كرد و لە ئەنجامدا ٤٠٠ پێشمەرگەی پارتی كوژران“.

 

دوای ئەوەی هێرشەكانی ئێران و یەكێتی بۆ سەر پارتی خەستر دەبێت، وەك محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، پارتی لەرێگای پەیوەندیەكانیەوە داوا لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات تەدەخول بكەن، هەر ئەو كاتیش پەیوەندی بەحكومەتی عێراقەوە دەكات.

 

لەسەر ئەم بابەتە سەرۆک بارزانی لە بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد) لە لاپەڕە(٢٩٨)دا بەم شێوەیە باسی دەکات “دوای ئەوەی دەرکەوت کە ئێران راستەوخۆ ھاتووەتە ناو شەڕەکەوە،سەددام،مانع عەبد ڕەشید، بەڕێوبەری موخابەراتی ناردە کوردستان و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستوەردانەکانی ئێران.

 

بەرە بەیانی 31 ی ئاب پارتی لە چەند قۆڵێكەوە ھێرش دەکاتە سەر یەكێتی  لە هەولێر و ، هێزێكی عێراقیش، لەگەڵ هێزەكەی پارتی هاتنە ناو هەولێر و یەكێتیان وەدەرنا.

 

یەكەم شكان كە توشی یەكێتی هات، لە رێگای گوێر هەولێر بوو، ئەوەش شیرازەی هێزەكانی یەكێتی تێكدا و لەماوەیەكی كەمدا پارتی شاری هەولێری رزگار کرد.

 

لەگەڵ گرتنی هەولێر چارەنوسی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كەمال فواد و عومەر فەتاح و فواد مەعسومیش بە نادیاری دەمێنێـتەوە، وا باسدەكرێت كە ئەوكات لەلایەن پارتیەوە دەستگیر كرابن و دواتر بە سەلامەتی ڕادەستی جەلال تاڵەبانی كرانەوە.

 

پێش ئەوەش تاڵەبانی هەولێری جێهێشتبوو، رۆژی 8ی ئەیلول تاڵەبانی سەردانی كانی وەتمان دەكات و كاتێك هێزەكانی یەكێتی بەشپرزەیی دەبینێت، بڕیاری چۆڵكردنی سلێمانی بەبێ شەڕ و بەرگری دەدات و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەچنە ناوخاكی ئێران و تەواوی ھەرێمی كوردستان دەكەوێتە دەست پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها 40 رۆژ كۆنترۆڵی تەواوی كوردستان دەكات، لەناوەڕاستی مانگی 10 یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پێشڕەوی سوپای پاسداران هاتەوە كوردستان و لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا ئێران و یەكێتی توانییان سلێمانی و تاكو دێگەڵەی نێوان كۆیە و هەولێر بخەنەوە ژێردەستی یەكێتی.

 

شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: ٣١ی ئاب پارتیی کردە حزبی یەکەمی ھەرێم و حزبێکی بەھێزی خۆرھەڵاتی ناوەراست، شاڵاوی عەلی عەسکەری بەم شێوەیە لەسەر رووداوەکانی سی و یەکی ئاب دەدوێت:

 

لەکاتێکدا یەکێتی بە خیانەت ناوی دەبات بەڵام دەرەنجامەکانی سی ویەکی ئاب بەھێزتربوون و زیادبوونی کورسییەکان و نفوزی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتۆتەوەو پارتییەکانیش ساڵانە بە شانازییەوە باس و یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە.

“زاگرۆس غەریب”

Back to top button