ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی داوایه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان کرد

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی به‌غدای پایته‌خت و پارێزگاكانی تری عێراق بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند: سه‌ركۆنه‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق به‌تایبه‌تیش ڕۆژانی 29 و 30ی مانگی ڕابردوو ده‌كه‌ین كه‌ بووه‌ هۆی كوژران و برینداربوونی سه‌دان هاووڵاتی.

 

ڕاشیگه‌یاندووه‌: هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رز ده‌نرخێنین.

 

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش هه‌روه‌ها داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناكۆكه‌كان كرد‌ ئارام بن و دان به‌خۆیاندا بگرن و له‌ نانه‌وه‌ی هه‌ر توندوتیژییه‌ك خۆیان به‌دوور بگرن.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانیان به‌ڕێگه‌ی ئاشتییانه‌ و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ڕێز له‌ سه‌روه‌ری یاسا بگرن و هه‌موو مافێكیش به‌ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها به‌هیچ شێوه‌یه‌ك‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كار نه‌هێنن.

 

جێی باسه‌ له‌ ڕۆژانی دووشه‌م و سێشه‌می ڕأبردوو عێراق به‌تایبه‌تیش به‌غدای پایته‌خت به‌ دۆخێكی ئاڵۆزی ناسه‌قامگیری تێپه‌ڕی و به‌هۆی خۆپیشاندان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان زیاتر له‌ 30 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و به‌سه‌دانی تریش بریندار بوون، دوای ئه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در وازهێنانی یه‌كجاری خۆی له‌ كاری سیاسی ڕاگه‌یاند، بڕیاه‌كه‌ بووه‌ هۆی تووڕه‌بوونی لایه‌نگرانی و هێرشیان كرده‌ سه‌ر داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت له‌ ناوچه‌ی سه‌وز و به‌شێك له‌ باره‌گا و ماڵی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی

Back to top button