لەسەر سەربەخۆیی كوردستان، سەرۆك بارزانی بە ناوی مام جەلالیشەوە چی بە سیناتۆرێك گوت؟

سەرۆك بارزانی پرسیارێكی سیناتۆرێكی پێشووتری ئەمریكا ئاشكرا دەكات كە بە ناوی خۆی و مام جەلالیشەوە وەڵامی داوەتەوە.

سەرۆك بارزانی لە لاپەڕە 164 – 167ی بەرگی پێنجەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد.. راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) كە تایبەتە بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی نێوان ساڵانی 1991 تا 2002، باس لە سەردانی شاندێكی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق (INC) بۆ ئەمریكا دەكات كە سەرۆك بارزانی و مام جەلالیشیان لەگەڵدا بووە.

لە چوارچێوەی سەردانەكەدا، ڕۆژی 28ی نیسانی 1993، شاندەكە لەگەڵ سیناتۆری ئەمریکی (دیکۆنسین) كە سەرۆكی لێژنەی ئاسایش بووە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، كۆ دەبنەوە، لەم كاتەدا سیناتۆرەکە ڕوو لە هەردووکیان دەپرسێ: ئایا ئامانجی کۆتاییتان سەربەخۆیی کوردستانە؟

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: من بە ناوی خۆم و مام جەلال وەڵامم دایەوە و گوتم: ئێمە ئیرادەیەكی بەهێزمان هەیە بۆ بەرگریكردن لە وڵاتەكەمان، خاڵی تر ئەوەیە كە چەندەمان پێ دەكرێت؟ ئەوەش بەستراوەتەوە بە هاوسەنگیی هێزەوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی و لە هەموو بارودۆخێكدا ئێمە بەرگری دەكەین.

سەبارەت بە سەربەخۆییش وەڵامم دایەوە: بەڵێ بەدڵنیاییەوە وەک نەتەوەیەک مافی خۆمانە، بەڵام حەز ناکەین بە شەڕ و زۆری بێت، بەڵکوو بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن و لە کاتی گونجاودا، تا ئەو دەرفەتە دێت، حەز دەكەین بە ئازادی بژین و گەرەنتی هەبێت کە جارێکی تر گەلەکەمان ڕووبەڕووی کارەسات نابێتەوە.

سەرۆك بارزانی ئاشكرای كردووە كە سیناتۆر دیكۆنسینی، زۆری پێ گرنگ بوو و بە بایەخەوە گوێی لە وەڵامەكانم گرت و دواتر رایگەیاند كە پێویستە گەلی كوردستان بپارێزرێت و بە مافەكانی شاد بێت.

 

Back to top button