گەندەڵییەکی گەورە لە سلێمانی ئاشکرا بوو
گەندەڵییەکە خۆی لە سپیکردنەوەی پارەدا دەبینێتەوە ، بە بڕی 600 ملیار دینار
لە نوێترین لێدواندا یاسین مەحموود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕای گەیاند، بەهۆی نەبوونی پارە لەكاتی تەنگژەی دارایی، چەك درا بەڵێندەران و خرایە سەر هەژماری وەبەرهێنەران، بەو مەرجەی كاری پێنەكەن تا نرخی نەوت بەرز ببێتەوە كە نزیكەی دوو ترلیۆن دینار بووە، بەڵام كاتێكمان زانی هەندێك كەسی خراپ و هەڵپەرست بە پاڵپشتی هەندێك بەرپرسی دەستڕۆیشتوو، هەستان لە بازاڕدا ئەو چەكانەیان بە كەمتر كڕیوەتەوە.
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەکات ،سپیكردنەوەی پارە بەشیکەو لەوگەندەڵییەو بەهاكەشی بە 600 ملیار دینار دەخەمڵێنێت و دەشڵێت چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو دەستیان لە كەیسەكە تێكەڵ كردووە.
یاسین مەحموود لە درێژەی لیدوانەکەیدا روونیدەکاتەوە ، سپیكردنەوەی پارە و كڕین و فرۆشتن بە چەكی بەڵێندەران، وایكردووە ئابووری سلێمانی بكەوێتە مەترسی، چونكە پارەیەكی زۆر بەبێ گەڕانەوە بۆ خەزێنەی گشتی و ڕێكارە یاساییەكان مامەڵەی پێوە كراوە، ئەوەیش هێندەی تر ئابووری سلێمانی خستووەتە مەترسییەوە .
لەکۆتاییشدا ڕاستەوخۆ ئاشکرای دەکات ، لە سلێمانی 600 ملیار دینار پارەی چەكی بەڵێندەران و وەبەرهێنەران سپی كراوەتەوە، لە بانك بەنەختینەیی وەرگیراوە و بە نەختینەیی لە بەڵێندەران بە كەمتر كڕاوەتەوە، بەهۆیەوە چەند كەسێك دەوڵەمەند بوون و لەولاوە زیاتر لە 900 كۆمپانیا مایەپووچ بوون.