جگە لەوانەى کە دوکانیان لەبازاڕى سیم هەبووە و زەرەمەندبوونە، هیچ کەسى دیکە سودمەند نابێت لەپڕۆژەی دروستکردنى بازاڕی سپی
سهرلهبهیانى ئەمڕۆ شەممە 2022.9.3، بەمەبەستى لەنزیکهوه ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەی دروستکردنى (بازاڕى سپى)مان بەسەرکردەوە، کەلەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسروربارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان بە نەخشە و دیزاین و شێوە و شێوازێکی سەردەمیانە بهگوژمهى (14,412,731,544) چواردە ملیار و چوارسەد و دوازدە ملیۆن و حەفت سەد و سی و یەک هەزار و پێنج سەد و چل و چوار دینار، لەباشترین شوێنى هەولێر کە دەکەوێتە سەر شەقامى 120م دروست دهکرێت.
بازاڕى سیم کە بازاڕێکى تەجاوزە و لەژێر تۆڕى پاڵپەستۆى بەرزى کارەبا دروستکراوە و چەند جارێک دووچارى سووتان هاتووه، لەدواین جار کە سوتا، جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانى، پارێزگاى هەولێر و فەرمانگەکانى ڕاسپارد ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم خەڵکە کاسبکارە بدۆزرێتەوە، ئەوەبوو بەفەرمانى بەڕێزیان و بۆ پشتیوانیکردن و زەمینە خۆشکردن بۆ کارى کاسبکارانى هەولێر، له باشترین شوێن کەکەوتۆتە سەر شەقامى 120م ئەرزمان تهرخانكرد و دەست بەدروستکردنى ئەم پڕۆژەیە کرا، لە ئێستاشدا کارەکان زۆر بەباشى و بەڕێژەى 20% بەڕێوەچووە.
سەبارەت بەو کەسانەشى دەیانەوێت بەفێڵکردن خۆیان بکەن بەخاوەنى دوکان و وانیشانى بدەن کە سوودمەند نەبوونە لەوەرگرتنى ئەم دوکانانە، تەئکید لەوەدەکەینەوە، ئەو بازاڕە بەفەرمانى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خەڵکى کاسبکارى بازاڕى سیم دروستدەکرێت، جگە لەوانەى کە لەبازاڕى سیم دوکانیان هەبووە و زەرەمەندبوونە، هیچ کەسى دیکە سودمەند نابێت لەپڕۆژەی بازاڕی سپی.
داواش لەکاسبکاران و ئەوکەسانە دەکەین کە لەو پڕۆژەیەدا سودمەند بوونە، هاوکار و هەماهەنگ بن و بەخێرایى قستەکانى خۆیان بدەن، تاکو بتوانرێت لەکاتى خۆیدا ئەو بازاڕە تەواوبکرێت و بکەوێتە خزمەت شارى هەولێر و کاسبکارانى.