شێخانی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ بۆچی‌ په‌نایان بۆ سه‌رۆك بارزانی‌ برد؟

له‌ په‌راوێزی‌ رووداوه‌كانی‌ ساڵی‌ 2002 كه‌ سه‌رۆك بارزانی‌ له‌بەرگی پێنجەمی  كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌  كورد  بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، سه‌رۆك باسی‌ رووداوێكی‌ سه‌یر ده‌كات كه‌ له‌ شه‌وی‌ 15 له‌سه‌ر 16ی‌ ته‌مووزی‌ 2002 رووی‌ داوه‌، به‌هۆی‌ رووداوه‌كه‌یشه‌وه‌ شێخانی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ بیاره‌ په‌نایان بۆ هێناوه‌.

سه‌رۆك نووسیویه‌تی‌، له‌ شه‌وی‌ 15 له‌سه‌ر 16ی‌ ته‌مووزی‌ ساڵی‌ 2002، زانیاریمان بۆ هات كه‌ ئه‌نساروئیسلام ده‌ستكاری‌ گۆڕی‌ شێخانی‌ بیاره‌یان كردووه‌ و مه‌رقه‌دی‌ شێخ حوسامه‌دین نه‌قشبه‌ندییان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌ نادیار. به‌ڕاستی‌ به‌ بیستنی‌ هه‌واڵه‌كه‌ تووشی‌ شۆك بووم، له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووم كه‌سانێك هه‌بن ئه‌و جورئه‌ته‌یان هه‌بێت تاوانێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ بكه‌ن، شێخ عه‌دنان نه‌قشبه‌ندی‌ به‌ یاوه‌ریی ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكار و موریدانی‌ هه‌ردوو ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ و قادری‌ سه‌ردانیان كردم. له‌ دیداره‌كه‌ پێم راگه‌یاندن، “ئه‌وه‌ی‌ رووی داوه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا كراوه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ ئێوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو مسوڵمانان و هه‌موو مرۆڤه‌ خاوه‌ن هه‌ست و ویژدانه‌كاندا كراوه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و تاوانه‌ ده‌بێته‌ له‌ناوچوونی‌ تاوانباران”، دڵنیاشم كردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ تواناماندا بێت ده‌یكه‌ین و خۆمان به‌ هاوبه‌شی‌ خه‌متان ده‌زانین.

سه‌رۆك له‌و به‌شه‌دا نووسیویه‌تی‌، “سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كه‌ برووسكه‌یه‌كم بۆ مه‌لا عه‌لی‌ عه‌بدولعه‌زیز نارد، ناوبراو وه‌ڵامی‌ دامه‌وه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ وابوو، “سه‌باره‌ت به‌ برووسكه‌ و پرسیارتان سه‌باره‌ت به‌ تاوانی‌ ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر قه‌بری‌ شێخانی‌ بیاره‌ و باغه‌كۆن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بیستنی‌ هه‌واڵه‌كه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ باڵامان ناردووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌واڵی‌ راستی‌، ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌به‌ر ناسازی‌ و شه‌ڕ و ئاژاوه‌، نه‌یانتوانیوه‌ بڕۆنه‌ سه‌ر قه‌بره‌كان كه‌ دیاره‌ ده‌ستكاری‌ كراون له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ شێت و نه‌فام و پیاو خراپه‌وه‌، دیاره‌ به‌ پیلانی‌ دوژمنان كراوه‌، به‌هه‌رحاڵ ئه‌و كاره‌ لای‌ هیچ مسوڵمان و عاقڵێك قبووڵ نییه‌”.

Back to top button