فارس عیسا: لە هەولێر نووسینگەیەک بۆ ڕاییکردنی کارەکانی هاوڵاتیانی هەرێم لە بەغدا دەکرێتەوە

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، بۆ ڕاییکردن و بەدواداچوونی مامەڵەی ھاووڵاتیان لە ھەرێم و عێراق، لەم مانگەدا نووسینگەیەک لە ھەولێر دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: بڕیارە لەم مانگەدا لە ھەولێر نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووسینگەیەک بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە بۆ کردنەوەی نووسینگەکە.

لەبارەی مەبەستی کردنەوەی نووسنیگەکەش، فارس عیسا گوتی: کردنەوەی ئەو نووسینگەیە بۆ وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانه‌ بۆ ئەوەی لە وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی عێراق ڕایی بکرێت و بەدواداچوونیشی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت.

فارس عیسا ڕوونیشیکردەوە: نەک تەنھا مامەڵەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی ئەو نووسینگەیە لە عێراق ڕایی دەکرێت بگرە مامەڵەی ھاووڵاتیانی عەرەبیش لە عێراق لە ھەرێمی کوردستان وەردەگرن، بۆ ئەوەی بۆیان ڕایی بکرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکەن، ئەمەش وەکو ئاسانکاریەک بۆ ھاووڵاتیانی ھەردوولا .

Back to top button