پەیوه‌ندیه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ نێوان هۆشیار زێباری‌ و کچە دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکی ئاشکرا بوو

له‌ بەرگی پێنجەمی كتێبی‌، بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگارخوازی‌ كورد، لاپه‌ڕه‌ 385ی کتێبەکەدا باسی رێككه‌وتننامه‌ی‌ مێژووی‌ واشنتۆن ده‌كات، به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ له‌ كۆنگرێس یاسای‌ رزگاركردنی‌ عێراق په‌سه‌ند كرابوو.

سه‌رۆك بارزانی له‌وێدا نووسیویه‌تی‌، له‌ كۆنگرێس یاسای‌ رزگاركردنی‌ عێراق په‌سه‌ند كرابوو، چه‌ند كه‌سێك له‌ پێكهاته‌ و ستافی‌ لێژنه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆنگرێس وه‌ك دانیال پلاتكا و مارشاڵ پیلینكی‌ هه‌وڵێكی‌ زۆریان دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆنگره‌ی‌ نیشتمانی‌ بێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌ رێك بخه‌ن و ئێمه‌ش راكێشنه‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كان، له‌وكاته‌دا هیچ پێوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ چه‌له‌بی‌ نه‌مابوو، ئه‌وانیش به‌نیازبوون چه‌له‌بی‌ بكه‌ن به‌ پێشه‌نگی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ عێراقی‌ له‌پێناو رووخاندنی‌ سه‌دام. له‌ چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌دا پێمان راگه‌یاندن كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌دام به‌ پێنج ملیۆن دۆلار بڕووخێت، كه‌س پێویستی‌ به‌ پێنج ملیۆنه‌كه‌تان نابێت.

بابه‌ته‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و نووسیویه‌تی‌، خاتوو پلاتكا كه‌سێكی‌ زۆر له‌ خۆبایی و ئیستیفزازی‌ بوو، له‌ پێوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیدا به‌ هۆشیاری‌ راگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ر پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌شداری‌ نه‌كات، یه‌ك دۆلاری‌ پێ نادرێت. هۆشیاریش وه‌ڵامێكی‌ به‌جێی‌ دابووه‌وه‌، زۆر سوپاس، ئێمه‌ ئاماده‌ نابین، دواتر ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی‌ بۆ به‌شی‌ پارتی‌ دانراوه‌ هه‌ڵیگره‌ بۆخۆت و بیده‌ به‌سیگار، خاتوون شۆك ببوو ده‌ستبه‌جێ‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی‌ داخست، دوای‌ ماوه‌یه‌ك له‌ رۆژی‌ 10ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 1999، خاتوو پلاتكا به‌ یاوه‌ری‌ شاندێك سه‌ردانی‌ مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دینی‌ كرد. به‌ هۆشیاری‌ گوت پێوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ خۆشمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بوو.

سەرۆک بارزانی لە کۆتاییەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، خاتوو پلاتكا ددانی‌ به‌وه‌دا نا كه‌ به‌بێ‌ پارتی‌، ئۆپۆزسیۆنی‌ عێراقی‌ هیچی‌ پێ ناكرێ‌، هه‌وڵێكی‌ زۆریشی‌ دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ چه‌له‌بی‌ ئاشت ببێته‌وه‌، له‌ خاتوو پلاتكامان پرسی‌ بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ و كێشه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن نییه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ میكانیزم و شێوازی‌ رووخانی‌ رژێم چییه‌؟ ئایا به‌جدی‌ پێتان وایه‌ سه‌دام به‌ پێنج ملیۆن دۆلار ده‌ڕووخێت؟.

 

Back to top button