داستانی خواکورک هەوێنی راپەڕین و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و ھێمای بەرگری و تێکۆشان بوو

 

 

سی و چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ،له‌ رۆژى ٥ـی ئەیلوول، پاش ٤٦ رۆژ لە خۆڕاگری هێز پێشمەرگەی کوردستان، داستانی خواکورک تۆمار کرا. داستانی خواکورک لە داستانە بەناوبانگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کە سەرۆکایەتی راستەوخۆی سەرۆک مەسعوود بارزانی بوو، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، توانی چۆک بە سوپای عێراقی دابدات، کە بە پێنجەمین سوپای جیهان دادەنرا.

سوپای بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە ١٩ـی تەمووزی ١٩٨٨، ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی شۆڕشی کوردستان لە دەڤەری خواکورک دەست پێکرد. لەو شەڕەدا سوپای بەعس بە بەشداری زیاتر لە پازدە لیوای سەربازیی، تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگيی و، تەنانەت چەکی کیمیاییشی تێدا بەکارھێنا.

سەرەڕای هێزی نابەرابەر، پێشمەرگە دلێر و گیانلەسەردەستەکانی کوردستان، توانیان زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرشکارەکەی رژێمی بەعس بگەیەنن.

شەڕەکە لە رووی سیاسی و سەربازیی و ستراتیجییەوە، بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە توانی دەسکەوتێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بەدەستبهێنێ. لە رووی سیاسیشەوە لە گۆڕنانی ئەو خەونەی رژێمی بەعس بوو، کە باوەڕی وابوو بەکۆتایيهاتنی جەنگی عێراق-ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکورک خەونەکانی رژێمی بەعسی لە گۆڕنا.

سەرۆک مەسعوود بارزانی لە سەنگەرەکانی شەڕی خواکورکدا، لە وتارێکیدا بۆ پێشمەرگە قارەمەکانی بەشداربووی ئەو داستانە ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بارودۆخی ناوخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت، دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بە خۆیدا بچێتەوە.

داستانی خواکورک بوویە هەوێنێک بۆ گیانی بەرگری و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعس و راپەڕینه‌ شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١ـی لێ هاتە بەرهەم.

لەم رۆژەدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی داستانی خواکورک و شه‌هيدانى رێگەی رزگاری کوردستان دادەنەوێنین.

Back to top button