سیستەمی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی دەگۆڕدرێت

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئەیلول، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و شاندێكی بەرنامەی خۆراكی جیهانی ڕەوشی ئاسایشی خۆراكی و بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی دابەشكاری خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانیان تاوتوێ كرد.

 

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ شاندی بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFO کە پێک هاتبوون لە ئیکرام ئەلهونی، جێگری بەڕێوەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی و عەدیلە خالید، بەرپرسی پاراستنی کۆمەڵایەتی و مەنسوور ڕەسووڵ، لە تیمی تەکنیکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بەڕێوە چوو.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو: “بە وردی ستراتیژ و پرۆژەكانی بەرنامەی خۆراكی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان باس كرا كە بریتی بوون لە گۆڕینی سیستەمی دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی دروستكردنی داتابەیسێكی تایبەت بە زانیاری لەسەر هاووڵاتیان تا بتواندرێت لیستی ئەو كەسانە جیا بكرێتەوە كە لە كوردستان ناژین، یان ئاستی بژێویان بە جۆرێكە پێویستیان بەو بەشەخۆراكە نییە و ڕێكخستنی بەرنامەكە بە جۆرێكە بۆ ئەو كەسانەی زیاتر پێویستیانە بەشەخۆراكیان بۆ دابین بكرێت”.

 

لە باسی لەوەشکردووە:” هەمان كاتدا لەبارەی پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە جیهان و ئەو هەوڵانەی دەدرێن لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، بۆ سێكتەرە جیاوازەكانی زانیاریان خستە ڕوو و بەپێویستیان زانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەك لایەنێكی گرنگی سەرەكی پەیوەندیدار بە بابەتی خۆراك هاوكار بێت”.

 

 

 

 

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لای خۆیەوە ئاماژەی کرد بە ڕەوشی خراپی خۆراك و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان لەبارەی كواڵێتی و بڕی ئەو خۆراكەی كە مانگانە دەگاتە دەستیان و لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆراكی جیهانی دابین دەکرێت، هەروەها بۆ چارەسەركردنی ئەمەش سیستەمی ئەلیكترۆنیی بەشەخۆراكی هاووڵاتیانی بە گونجاو و گرنگ زانی و بەڵێنی هاوكاریكردنی دەربڕی بۆ هەر كار و پرۆژەیەك كە خزمەتی هاووڵاتیان بكات.

 

وەزیری بازرگانی، پێشنیاری بۆ شاندەكە كرد كە بتوانن هاوكاریی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی ناوخۆیی بكەن بۆ كارئاسانی بەدەستهێنانی پێداویستییە خۆراكییەكان لە ناوخۆ و شاندەكە پێشنیارەكەیان بەگونجاو زانی و پێیان وابوو بیرۆکەکە دەتوانێت هاوكاری باش بێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئەوان لە ناوچە جیاوازەكان، هەروەها شاندەكە ئاماژەیان بەوە كرد كە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق لە لێكتێگەیشتنی كۆتاییدان و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆژەكە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.

Back to top button